بەریتانیا بە هۆی مەترسی ئاساییشییەوە گەشتەكانی فڕۆكەوانی لەگەڵ شەرملشێخی میسر ڕاگرتووە

میسر-KDP.info- بە گوێرەی ڕاپۆرتێكی "گاردیان"، لە دوێنێوە گەشتەكانی نێوان بەریتانیا و شەرملشێخی میسر راگیراون دوای ئەوەی دەستگا هەواڵگرییەكانی بەریتانیا و ئەمەریكا ڕایانگەیاند كە ئەگەری بەهێزیان هەیە فڕۆكە ڕووسیاییەكە بە هۆی تەقینەوەوە كەوتبێتە خوارەوە. گەشتەكانیش لە هەردوو سەرەوە ڕاگیراون و بەو هۆیەوە نزیكەی (٢٠) هەزار هاووڵاتی و گەشتیار لە فڕۆكەخانەكان گیریان خواردووە و چاوەڕێن هێڵەكانیان بكرێنەوە.
لەو بارەیەوە (فلیپ هامۆند) وەزیری دەرەوەی بەریتانیا گوتی: "ئێمە لە ئێستادا هەموو ئەو گەشتانە ئاگادار دەكەینەوە كە لە ڕێگای شەرملشێخەوە ئەنجام دەدرێن، چونكە ئەگەرێكی بەهێز هەیە كە ئەو فڕۆكە ڕووسیاییەی كەوتە خوارەوە، بە هۆی تەقینەوە بووبێت لە فڕۆكەكەدا".
بەرپرسانی ئەمەریكایی لەو باوەڕەدان كە فڕۆكەكە بۆمبی پێوە لكێنرابێت لەلایەن داعشەوە یاخود شوێنكەوتەكانیان، هەڵبەتە ئەو هەواڵە لەلایەن چەند میدیا و سەرچاوەی هەواڵگریی نەناسراویشەوە باس كراوە.
شیاوی باسە، ڕۆژی شەممەی رابرد، فڕۆكەیەكی ڕووسی لە نیمچەدوورگەی سینا كە لە شەرملشێخەوە فڕیبوو، كەوتە خوارەوە و نزیكەی (٢٢٤) كەس كە سەرنشینەكانی بوون، گیانیان لە دەست دا.
ئەگەرچی تاوەكو ئێستا ڕووسیا و میسر ئەوە ڕەت دەكەنەوە، بەڵام دەستگا هەواڵگرییەكانی ئەمەریكا و بەریتانیا لەو باوەڕەدان بەهۆی بۆمبی لكێنراوەوە فڕۆكەكە كەوتبێتە خوارەوە.
لە ئێستادا بە هۆی مەترسیی ئاساییشییەوە بەریتانیا هەموو گەشتی هێڵی فڕۆكەوانییەكانی نێوان بەریتانیا و شەرملشێخی راگرتووە و، بەرپرسانی وەزارەتی دەرەوەیش دەڵێن چاوەڕێ دەكەن گەشتەكان بەیانی بكرێنەوە.
وەزارەتی دەرەوە و، گواستنەوە، بە هەماهەنگی چەند تیمێكیان ناردووە بۆ میسر و فڕۆكەخانەی شەرملشێخ بۆ یارمەتیدانی گەشتیاران و هەڵسەنگاندنی دۆخی ئەمنی و پێدانی ئامۆژگاری.
هەڵبەتە ئەو رەوشە لە كاتێكدایە كە ئەمڕۆ وادەی گەشتی (عەبدولفەتاح سیسی) سەرۆكی میسرە بۆ بەریتانیا و، ئەنجامدانی دیدار و كۆبوونەوەیەتی لەگەڵ (دەیڤد كامیڕۆن) سەرۆكوەزیرانی بەریتانیا، ئەوەیش یەكەم گەشتی (سیسی)ـیە بۆ بەریتانیا لەوەتەی گەییشتووەتە دەسەڵات.
و/ خالید ئەحمەد




