٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
عێراقی و نێوده‌وڵه‌تی

هاوپەیمانیی نیشتمانی بە زوویی كەسێكی دیكە بۆ شوێنی ئەحمەد چەلەبی دیاری دەكات

سەرچاوە: KDP.info

بەغدا -KDP.info- ئەندامێكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەڵێت، دوای ئەوەی سەرۆكی لیژنەی دارایی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عیراق كۆچی دوایی كرد و بوودجەیش گەییشتە پەرلەمان، چاوەڕوان دەكرێت لەبەر گرینگیی بوودجە، هاوپەیمانیی نیشتمانی بە زوویی كەسێكی دیكە بۆ سەرۆكی لیژنەی دارایی دیاری بكات.

(نەجیبە نەجیب) ئەندامی لیژنەی ئابووری و وەبەرهێنانی‌ ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، بە ماڵپەری فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "‌پاش ئەوەی سەرۆكی لیژنەی دارایی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق (ئەحمەد چەلەبی) كۆچی دوایی كرد و لە هەمان كاتیشدا بوودجەی گشتیی عێراق بۆ ساڵی 2016 گەییشتە پەرلەمان كە لیژنەی داراییش لیژنەی پەیوەندیدارە بەو بابەتە و كاری لەسەر دەكات، بۆیە چاوەڕوان دەكەین لە كاتێكی كەم و لەبەر گرینگی بوودجە لەلایەن فراكسیۆنی هاوپەیمانیی نشتیمانییەوە كەسێكی دیكە دەسنیشان بكەن بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆكی لیژنەی دارایی بۆ بەڕێوەبردنی سەرۆكایەتیی لیژنەكە، چونكە لە پشكی ئەوانە".

ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق گوتیشی: "لە ئێستادا جێگری سەرۆكی لیژنەی دارایی (ئەحمەد ئەلمەساری) كارەكانی سەرۆكی ئەو لیژنەیە بەڕێوە دەبات، چونكە بەپێی پەیڕەوی ناوخۆ لە كاتی ئامادەنەبوونی سەرۆكی لیژنە جێگرەكەی كارەكانی بەڕێوە دەبات، بەڵام پێم وایە ئەمە زۆر ناخایەنێت، چونكە جێگر لە لیستی عێراقییەیە و سوننەیە و بوودجەیش گرینگە، هەروەها ئەو خاڵانەی لەنێو بوودجەدا هاتوون بایەخی خۆیان هەیە،‌ بۆیە وای دەبینم هاوپەیمانیی نیشتیمانی پەلە دەكات بۆ ئەوەی كەسێكی دیكە دەستنیشان بكەن".

 

نەشوان بەرزنجی

هەواڵی پەیوەندیدار