لەبەر پیسیی ئاوی خواردنەوە، 383 كەس كەوتنە نەخۆشخانە.. 27 منداڵیش لە برسان مردن

مووسڵ-KDP.info- سەرچاوەیەكی ئاگادار لە ڕەوشی شاری مووسڵ دەڵێت، تیرۆریستانی داعش ژمارەیەك هاووڵاتیان گولـلەباران كردووە و، لەبەر پیسیی ئاوی خواردنەوەیش، 383 كەس كەوتنە نەخۆشخانە و 27 منداڵیش لە برسان مردن.
بەرپرسی ڕاگەیاندنی لقی چواردەی پارتیی دیموكراتی كوردستان لە مووسڵ (سەعید مەموزینی)، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی گوت: "ئەمڕۆ چوارشەممە 14 تیرۆریستی داعش بەرەو سووریا هەڵاتن و، دیاردەی برسیبوونیش لە شاری مووسڵ لە دوای هاتنی داعش سەری هەڵداوە و 27 منداڵ لەبەر بێ دەرمانی و لە برسان مردن".
بەرپرسی ڕاگەیاندنی لقی چواردەی پارتیی دیموكراتی كوردستان لە مووسڵ گوتیشی: "هەر ئەمڕۆ تیرۆریستانی داعش 32 هاووڵاتییا ن لە زیندانی كۆنی مووسڵ گولـلەباران كرد و، لەبەر پیسیی ئاوی خواردنەوەیش، 383 كەس لە خەڵكی شاری مووسڵ كەوتنە نەخۆشخانە و 8ـیان مردن".
نەشوان بەرزنجی




