٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
عێراقی و نێوده‌وڵه‌تی

بە فەرمی ڕانەگەیێندراوە (سەلیم جبووری) سەردانی هەرێم بكات

سەرچاوە: KDP.info

بەغدا-KDP.info-  ئەندامێكی ئەنجومەنی نوێنەران دەڵێ، تائێستا بە شێوەیەكی فەرمی نەگوتراوە (سەلیم جبووری) سەردانی هەرێم بكات و هەر دەنگۆی میدیاكانە. دەشڵێت نابێ كێشەی خۆمان ببەینە بەغدا و، ئەوان بکەینە ناوبژیوان.

چەند میدیایەك بڵاویان كردووەتەوە گوایە "بەیانی چوارشەممە (سەلیم جبووری) سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق سەردانی شاری هەولێر دەكات ‌و لەگەڵ سەركردەی حزبە سیاسییەكانی هەرێم كۆ دەبێتەوە، بۆ ئەوەی ڕێگەچارەیەك بۆ قەیرانەكانی هەرێم بدۆزرێتەوە."
لەم بارەیەوە (عەرەفات كەرەم) ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "تا ئێستا بە شێوەیەكی فەرمی باس لەوە نەكراوە كە (سەلیم جبووری) سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق سەردانی هەرێمی كوردستان دەكات، تائێستا هەر دەنگۆی میدیاكانە."

ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ڕاشیگەیاند: "زۆر بەداخەوە كە كەسێك لە دەرەوەی هەرێمی كوردستان جا عەرەب بێت یاخود بیانی، بێت بۆ هەرێمی كوردستان بۆئەوەی كە كێشەمان بۆ چارەبكات. دەبوو لایەنەكان هەر لە ناوخۆی هەرێمی كوردستاندا ڕێكەوتبان و، كێشەكەیان ببڕیبایەتەوە، هەوڵێ ناوبژیوانییان دابا نەك لە بەغداوە بێن كێشەی ئێمە چارە سەر بكەن، چونكە بەو شێوە بەغدا لە خۆمان دەکەینە براگەورە و، ئەمەش خەتەرە."

ئاماژەیشی دا: "هیچ لایەنێكی عێراقی بەبێ ڕەزامەند پارتی دیموكراتی كوردستان ناتوانێ بێتە هەرێم بۆ ناوبژیوانیكردن لەمەڕ كێشە سیاسییەكان. من پێم وایە نەدەبا كێشەی خۆمان ببەینە بەغدا؛ بەغدا حاڵی خۆی زۆر باشە، هەر ئەوە ماوە بێ كێشەی ئێمە چارە بكا! ئەگەرچی دەبێت لایەنێكی تر بێتە بەین و، ناوبژیوانی بکا، بەڵام نابێ ئەو لایەنە بەغدا بێت."
سەرباز واحید

هەواڵی پەیوەندیدار