داعش دادوەری دادگای باری كەسیی مووسڵی لە سێدارە دا

مووسڵ-KDP.info- سەرچاوەیەكی ئاگادار لە ڕەوشی شاری مووسڵ رایدەگەیێنێت، تیرۆریستانی داعش دادوەری دادگای باری كەسیی مووسڵیان لە سێدارە دا و، فڕۆكەی جەنگی هاوپەیمانانیش چەند مۆڵگەیەكی داعشیان لەو شارەدا بۆردوومان كرد.
بەرپرسی لقی چواردەی پارتیی دیموكراتی كوردستانىمووسڵ (عیسمەت رەجەب)، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی گوت: "تیرۆریستانی داعش دادوەری دادگای باری كەسیی مووسڵیان بە ناوی (تەها عەبدولجەلیل حەسەن) لە سێدارە دا كە پێشتر لەلایەن تیرۆرستانەوە دەستگیر كرابوو".
(عیسمەت) دەیشڵێت: "فڕۆكە جەنگییەكانی ئەمەریكا و هاوپەیمانان بنكە و بارەگاكانی تیرۆریستانی داعشیان لە ناوچەی سیناعەی لای چەپی شاری مووسڵ بۆردوومان كرد و، دواتریش بنكەیەكی دیكەی تیرۆریستانیان لە ناوچەی وادی عەگاب لەلای راستی شاری مووسڵ تەقاندەوە، كە تیرۆریستانی داعش ئەو شوێنەیان وەكو كارگەی مین و دروستكردنی بۆمبی چێنراو و تەقەمەنی بەكار دەهێنا".
نەشوان بەرزنجی




