ئاكپارتی بۆ ریفراندۆمی دهستوور پێویستی به 14 كورسی دیكهیه

بیبیسی-KDP.info- لە ڕاپۆرتێكی (بیبیسی)ـدا ئەنجامی هەڵبژاردنەكەی توركیا شیكردنەوەی بۆ كراوە و تێیدا هاتووە، دوای سەركەوتنەكەی پارتیی داد و گەشەپێدان لە توركیا، (ڕەجب تەییب ئەردۆغان) سەرۆككۆماری توركیا لە گوتەییەكیدا گوتوویەتی، گەلی توركیا دەنگیان بە سەقامگیری دا و، ئاژاوە و ناسەقامگیرییان ڕەت كردەوە..هەروەها داوای برایەتیی لە گەلی توركیا كردووە و گوتوویەتی، وەرن با یەك بین، برا بین و هەموومان توركیایی بین.
هەر لە پەراوێزی سەركەوتنەكەیاندا، (ئەحمەد داودئۆغلۆ) سەرۆكوەزیری توركیا لەسەر باڵكۆنی ئۆفیسی سەرەكیی پارتییەكەیەوە پێشوازی لە ئەنجامە سەرەتاییەكانی هەڵبژاردنە پەرلەمانییەكەی وڵاتەكەی كرد و گوتی، دەنگدەران ئاشتی و یەكبوون و برایەتی و هەستی هاوبەشیان هەڵبژارد.
هەر لە ڕاپۆرتەكەدا هاتووە، ئەگەرچی ئەنجامی هەڵبژاردنەكان بۆ پارتیی دیموكراتی گەلان (هادەپ) جێگای دڵخۆشی نەبوو، بەڵام سەركەوتوو بوون كە توانیویانە (١٠%)ـی بهربهست تێپهڕێنن و بچنە ناو پەرلەمانەوە، لەبارەی ئەنجامی هەڵبژاردنەكانیشەوە (سەڵاحەددین دەمیرتاش) هاوسەرۆكی هادەپە گوتی، ئەنجامەكان بۆ ئێمە بێئومێدین و دڵخۆشكەر نین.
بە گوێرەی گوتەی شڕۆڤەكارانی ڕاپۆرتەكەی (بیبیسی) لە دوای هەڵبژاردنەكەی حوزەیرانی ڕابردووەوە، پرۆسەی ئاشتی درزی تێكەوتووە و، دواتر بە تەواوەتی پچڕاوە و شەڕ لە نێوان حكوومەتی توركیا و پارتیی كرێكارانی كوردستاندا بەرپا بووەتەوە، ئەوەیش بە قازانجی پارتییەكەی (ئەردۆغان) شكاوەتەوە.
هەروەها تەقینەوەكان و، ناسەقامگیریی ئەو دواییەی توركیا هاندەر بوون كە خەڵك پەنا بۆ ئاشتی و سەقامگیری و برایەتی لە توركیادا ببات.
لە بەشێكی دیكەی ڕاپۆرتەكەدا هاتووە، ئەو سەركەوتنەی پارتیی داد و گەشەپیدان جگە لەوەی كاریگەری لەسەر ڕەوتی ئابووری لە توركیادا دەبێت، لە ڕووی سیاسییشەوە پارتیی داد و گەشەپێدان هەوڵ دەدات كارنامەی حكوومەتە نوێیەكەی بخاتە بواری جێبەجێكردنەوە بە تایبەتی كار لەسەر پرسی دەستوور و، پاكێجی ئاشتی و دیموكراتی لە توركیادا دەكات.
پارتیی داد و گەشەپێدان بە گوێرەی ئەنجامە بەراییەكان پێویستی بە (١٤) كورسیی دیكە دەبێت بۆ ئەوەی دەستووری وڵاتەكەی بخاتە ڕیفراندۆمەوە، دەستكاریی بكات و هەروەها ڕۆڵی سەرۆك بەهێزتر بكات. خۆ ئەگەر بیتوانیبایە (٦٠) كورسیی دیكەیشی هەبێت، ئەوا پێویستی بە ڕیفراندۆم نەدەكرد و ڕاستەوخۆ پارتییەكەیان دەیتوانی دەستكاری و نوێكاری لە دەستووردا ئەنجام بدات.
شیاوی باسە، لە هەڵبژاردنەكەی ڕۆژی یەكشەممەی توركیادا ئەنجامە بەراییەكان دەریان خست كە پارتیی داد و گەشەپێدان (٣١٦) كورسی بەدەست هێناوە و دەتوانێ بە تەنیا حكوومەت پێك بهێنێت.
هەروەها پارتیی گەلی كۆماری توركیایش (١٣٤) كورسیی بەدەست هێناوە و، پارتیی دیموكراتی گەلانیش (٥٩) كورسی و، پارتیی بزووتنەوەی نەتەوەیی توركیایش (٤١) كورسییان دەبێت.
و/ خالید ئەحمەد




