ئەنجوومەنی نوێنەران بابەتگەلێك گفتوگۆ دەكات

بەغدا-KDP.info- ئەندامێكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق رایدەگەیێنێت، لە دانیشتنی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی نوێنەراندا گفتوگۆ لەسەر شەش بابەت دەكرێت و خوێندنەوەی دووەمیش بۆ پڕۆژەیاسای دیاریكردنی ویلایەتی هەرسێ سەرۆكایەتییەكەی عێراق ئەنجام دەدرێت.
(د. ئەشواق جاف) ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "ئەمڕۆ دووشەممە دانیشتنی ژمارە(34)ـی ئەنجوومەنی نوینەران بەڕێوە دەچێت و لە بەرنامەی كاریشدا چوار بابەت گفتوگۆیان لەبارەوە دەكرێت، دوای ئەوەی لە دانیشتنی پێشوودا لەلایەن سەرۆكی پەرلەمانەوە ئەو بابەتانە ڕەوانەی لیژنەی تایبەتمەند كران بۆ ئەوەی پیشنیازەكانیان ئامادە بكەن، ئەمڕۆیش لیژنەكان پیشنیازی خۆیان ئامادە كردووە و گفتوگۆیان لەبارەوە دەكەین، لەوانە، یەكەم: بەستنەوەی وەزارەتی گەشتوگوزار و شوێنەوار بە وەزارەتی رۆشنبیرییەوە، دووەم: ئاوی بەخوێ لە پارێزگای بەسڕە، سێیەم: لابردنی (الغام) وەزارەتی مافی مرۆڤ، چوارەم: پیشنیازەكانی لیژنەی كۆچ و كۆچبەران لەبارەی ئاوارەكانەوە، پێنجەم: چاودێریكردنی بڕیاری جێبەجێكردنی پێدانی پارەی جووتیاران، شەشەم: دووبارەكردنەوەی دەنگدان دەبێت لەسەر پیشنیازەكانی لیژنەی تەندروستی و ژینگە لەبارەی بەستنەوەی وەزارەتی ژینگە بە وەزارەتی تەندروستییەوە".
(جاف) گوتیشی: "خوێندنەوەی دووەم بۆ دوو پڕۆژەیاسای دیكە دەكرێت كە بریتین لە پڕۆژەیاسای پەسەندكردنی رێككەوتنی عەرەبی بۆ رێكخستن و گواستنەوەی هاووڵاتیان لەسەر شەقامی نێوان وڵاتانی عەرەبی و ئەوانی دیكە، لەگەڵ پڕۆژەیاسای دیاریكردنی ویلایەتی هەرسێ سەرۆكایەتییەكەی عێراق".
نەشوان بەرزنجی




