سوپڕایزێكی گه‌وره بوو بۆ ئاكه‌په.. هه‌ده‌په تا دواساته‌كان مه‌ترسی له‌سه‌ر بوو

ئیستانبووڵ-KDP.info- ئه‌وه‌ی چاوه‌ڕوان نه‌ده‌كرا، ئه‌مڕۆ له هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی توركیا رووی دا، به‌وه‌ی ئاكه‌په له ماوه‌ی 13 ساڵی رابردوودا به‌م شێوه‌یه ده‌نگی نه‌هێناوه، كه به‌بێ كێشه ده‌توانێت به ته‌نیا حكوومه‌ت پێك بهێنێته‌وه، چونكه رێژه‌ی ده‌نگه‌كانی 49%ی كۆی گشتیی توركیایه.
ئه‌گه‌رچی پارتیی داد و گه‌شه‌پێدان -ئاكه‌په-، هه‌موو هه‌وڵێكی ده‌دا تا بتوانێت 44%ی ده‌نگه‌كان بهێنێت و، ده‌زگاكانی راپرسی سه‌ر به‌و پارتییه‌یش ئاماژه‌یان ده‌دا كه 44%ی ده‌نگه‌كان ده‌هێنێنن، به‌ڵام ده‌نگی كورده‌كان بوو به فریاده‌ڕسی ئاكه‌په و، به ته‌نیا كردییه‌وه به پارتیی ده‌سه‌ڵاتتدار.
ئه‌وه‌ی دووچاری شكستێكی گه‌وره بوو، پارتیی دیموكراتی گه‌لان -هه‌ده‌په- و پارتیی بزوتنه‌وه‌ی ناسیۆنالیست -مه‌هه‌په- بوون، هه‌ده‌په نزیكه‌ی 20 كورسیی په‌رله‌مانی له ده‌ست دا و ترس هه‌بوو كه نه‌توانێت به‌ربه‌ستیش بشكێنێت، هه‌روه‌ها مه‌هه‌په‌یش به هه‌مان شێوه‌ی هه‌ده‌په 20 كورسییپه‌رله‌مانی له ده‌ست چوو.
ئه‌وه‌ی وای كرد مه‌هه‌په دووچاری ئه‌و شكسته گه‌وره‌یه ببێته‌وه، هه‌ڵوێستی خراپی سه‌رۆكی ئه‌و پارتییه (ده‌وڵه‌ت باخچه‌لی) بوو، كه به هه‌موو شتێكی ده‌گوت نه‌خێر، بۆیه ده‌نگده‌ر تۆڵه‌ی لێ كرده‌وه. هه‌روه‌ها هه‌موو ئه‌و ده‌نگه له‌ده‌ستدراوانه‌ی مه‌هه‌په بۆ ئاكه‌په رۆیشتووه، بۆیه ره‌نگه له رۆژانی دابێ، ئیدی باس له گۆڕینی (ده‌وڵه‌ت باخچه‌لی) بكرێت و كه‌سێكی دیكه بهێننه شوێنی.
هه‌ده‌په 20 كورسیی په‌رله‌مانی له ده‌ست دا له چاو هه‌ڵبژاردنی 7ی حوزه‌یران، چونكه 80 كورسیی په‌رله‌مانی هه‌بوو و سه‌ركه‌وتنێكی گه‌وره‌ی به ده‌ست هێنابوو، به‌ڵام ئه‌مڕۆ 59 كورسیی په‌رله‌مانی هێناوه، ئه‌مه‌یش به شكستێكی گه‌وره بۆ هه‌ده‌په هه‌ژمار ده‌كرێت.
له شاره كوردییه‌كان، هه‌ده‌په ده‌نگی كه‌می كردووه، تاكه شار كه ده‌نگی وه‌كو خۆی ماوه‌ته‌وه هه‌كاری بووه، له شاره‌كانی دیكه‌ی باكوور ده‌نگی له كه‌می داوه. بۆ نموونه له دیاربه‌كر له كۆی 11 كورسی، هه‌ده‌په 9 كورسیی هێناوه، ئاكه‌په 2 كورسیی هێناوه، كه پێشتر واته له هه‌ڵبژاردنی 7ی حوزه‌یران هه‌ده‌په 10 و ئاكه‌په 1 كورسیی بوو. هه‌روه‌ها له شانلی ئورفا له كۆی 12 كورسی له 7ی حوزه‌یران هه‌ده‌په 5 كورسی و ئاكه‌په 6 كورسی و جه‌هه‌په 1 كورسیی هێنا، به‌ڵام ئه‌مڕۆ هه‌ده‌په 2 كورسیی له ده‌ست دا و له 5 كورسییه‌وه بۆ به 3 و 9 كورسی ئاكه‌په به ده‌ستی هێنا.
هه‌ده‌په زۆر ترسی ئه‌وه‌ی له‌سه‌ر بوو كه نه‌توانێت به‌ربه‌ست بشكێنێت، چونكه ئه‌وكاته‌ی 90%ی ده‌نگه‌كان یه‌كلا كرانه‌وه، هه‌ده‌په حاڵی خراپ بوو و، كه‌وتبووه خوار 10%، به‌ڵام ئه‌وه‌ی فریای هه‌ده‌په كه‌وت، ده‌نگی ده‌ره‌وه‌ی وڵات بوو؛ له كاتی تێكه‌ڵكردنی ده‌نگه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی وڵاتیش، هه‌ده‌په توانی به‌ربه‌ست بشكێنێت.
هه‌ڵبه‌ته ئه‌گه‌ر هه‌ده‌په نه‌یتوانیبوایه به‌ربه‌ست بشكێنێت، ئه‌وكات ئاكه‌په جگه له‌وه‌ی به ته‌نیا ده‌یتوانی حكوومه‌ت پێك بهێنێت، چه‌ژنی دووه‌میشی ئه‌وه‌بوو كه ده‌توانێت به‌بێ ئه‌وه‌ی ریفراندۆم بكات، ده‌ستووری توركیا بگۆڕێت و سیسته‌می په‌رله‌مانی بگۆڕێت بۆ سیسته‌می سه‌رۆكایه‌تیی، چونكه له‌و 59 كورسییه‌ی هه‌ده‌په 51 كورسیی بۆ ئاكه‌په دڕۆیشت و ئه‌وانی دیكه‌یش به‌سه‌ر جه‌هه‌په و مه‌هه‌په‌دا دابه‌ش ده‌كران، بۆیه تا دواساته‌كان هه‌ده‌په مه‌ترسیی ئه‌وه‌ی هه‌بوو نه‌توانێت بچێته په‌رله‌مانه‌وه.
رێژه‌ی به‌شداری خه‌ڵك له هه‌ڵبژاردنی ئه‌مڕۆی توركیا 87% بوو، كه 4%ی له هه‌ڵبژاردنی پێووتر زیاتر بوو، ئه‌مه‌یش چاوه‌ڕواننه‌كراو بوو، چونكه راپرسییه‌كان نیشانیان ده‌دا، كه رێژه‌ی ده‌نگدان كه‌م ده‌بێته‌وه. هه‌روه‌ها نزیكه‌ی 46 ملیۆن هاووڵاتی توركیا ده‌نگیان دا.
په‌رله‌مانی توركیا 4 پارتیی سه‌ره‌كی له‌خۆی ده‌گرێت، كه ئاكه‌په و جه‌هه‌په و مه‌هه‌په و هه‌ده‌په‌ن، به‌ڵام جگه له‌وه‌ی سه‌رۆكی حكوومه‌ت له ئاكه‌په ده‌بێت، سه‌رۆكی په‌رله‌مانیش هه‌ر بۆ ئاكه‌په ده‌بێت، چونكه پێویستی به 276 كورسی ده‌بێت بۆ هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆك، بۆیه له‌و روه‌وه كێشه‌ی نییه.
كارزان گلی




