هێشتا پڕۆژەیاسای بوودجە بۆ ئەنجوومەنی نوێنەران ڕەوانە نەكراوە

بەغدا-KDP.info- ئەندامێكی لیژنەی دارایی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەڵێت، بڕیارە سندووقی نەقدی نێودەوڵەتی بڕێك پارە بە قەرز بداتە عێراق و ئەوانیش چەند مەرجێكیان هەیە، بۆیە كە ئەمە یەكلا بووەوە، پێویستە لە پڕۆژەیاسای بوودجەدا جێگیر بكرێت، لەبەر ئەوە تاوەكو ئێستا پڕۆژەیاساكە رەوانەی ئەنجوومەنی نوێنەران نەكراوە.
حاكم (سەرحان سلێڤانەیی) ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، بۆ ماڵپەری فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستان، هۆكاری رەوانەنەكردنی پڕۆژەیاسای بوودجەی بۆ ئەنجوومەنی نوێنەران ئاشكرا كرد و گوتی: "پڕۆژەیاسای بودجە تاوەكو ئێستا نەگەییشتووەتە ئەنجوومەنی نوێنەران و، حەفتەی رابرد بە فەرمی داوای ڕوونكردنەوەمان لە حكوومەت كرد، بەڵام رەنگە چەند رۆژێكی دیكەیش دوابكەوێت، چونكە بڕیارە لە وڵاتی ئوردن كۆبوونەوەی سندوقی نێودەوڵەتی بەڕێوە بچێت و وەزیری دارایی و بانكی ناوەندیی عێراق بەشداری تێدا دەكەن، لەبەر ئەوەی سندووقی نەقدی نێودوڵەتی بڕیارە قەرز بداتە عێراق، بەڵام چەند مەرجێكی داناوە و پێویستە ئێمە پڕۆژەیاساكە پەسەند نەكەین تاوەكو بزانین چۆن رێك دەكەون بۆ ئەوەی لەو پڕۆژەیاسایەدا جێگیری بكەین".
(سلێڤانەیی) گوتیشی: "هەر كاتێك حكوومەتی عێراق لەگەڵ سندووقی نەقدی نێودەوڵەتی گەییشتە رێككەوتن، ئەو رێككەوتنە لەناو پڕۆژەیاسای بوودجەدا جێگیر دەكرێت و دواتر پڕۆژەیاساكە بۆ پەسەندكردن رەوانەی ئەنجوومەنی نوێنەران دەكرێت".
پڕۆژە یاسای بوودجەی گشتیی عێراق بۆ ساڵی ٢٠١٦، بڕەكەی ١٠٦ ترلیۆن دینارە و پشكی هەرێمی كوردستانیش ١٧%ـە كە دەكاتە ١٣ ترلیۆن دینار.
بڵند ئیبراهیم




