٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
عێراقی و نێوده‌وڵه‌تی

خەڵکی تورکیا سبەی بڕیار ده‌ده‌ن

سەرچاوە: KDP.info

هه‌ولێر-KDP.info-  لە هەڵبژاردنەکانی تورکیادا 54 ملیۆن و 49 هەزار و 940 کەس بەشداری دەکەن و، بۆ ئەم مەبەستەش 175هزار و 6 سندووق دیاری کراون کە 358یان لە بەندیخانەکان دادەنرێن.

لەو هەڵبژاردنەدا 16 پارتیی سیاسی بەشداری دەکەن لەوانەش، ئاک پارتی، پارتیی سەربەخۆی تورکیا، پارتیی یەکگرتووی گەورە، پارتیی کۆماری گەل، پارتیی دیموکرات، پارتیی چەپی تورکیا، پارتیی دیموکراتی گەلان، پارتیی کۆمۆنیست، پارتیی گەل، پارتیی بزووتنەوەی نەتەوەپەرەست، پارتیی سەعاده‌ت. پارتییەکانی واتان و رزگاریی گەل لە 85 ناوچە بەشدار دەبن. پارتیی ماف و ئازادییەکان لە 78 ناوچە بەشدار دەبێت. پارتیی رێگەی راست لە 67 ناوچە و پارتی لیبراڵ دیموکرات لە 61 ناوچە بەشداری هەڵبژاردنەکان دەبن. لەسەرانسەری تورکیایش 21 پاڵێوراوی سەربەخۆ بەشداریی هەڵبژاردنەکان دەکەن.

کاتەکانی دەنگدان
رۆژی یەکشەممە لە سه‌عات 08:00 تا 17:00 پڕۆسەی دەنگدان بەردەوام دەبێ و لە دوای ئەو سه‌عاتە، سندووقەکان دادەخرێن. لەو کاتەدا ئەگەر بێت و کەسانێک لە چاوەڕوانی دەنگدان راوەستابن و دەنگیان نەدابێت بە بڕیاری سەرۆکی لێژنەی سەر سندووق، ژمارەکەیان دیاریی دەکرێ و رێگەیان پێ دەدرێ کە دەنگ بدەن. لە دوای کۆتاییهاتنی ئەو وادەیە بە بڕیاری کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان هیچ دەنگێک پەسەند ناکرێت.

بۆ دەنگدەرانی دەرەوەی وڵاتیش کە لە 8ی مانگەوە دەنگدان دەستی پێ کردووە، لەسەر سنوورەکانی تورکیا تا رۆژی یەکشەممە سه‌عات 5ی ئێوارە ئەو پڕۆسەیە بەردەوام دەبێت.

بە گشتی لە نێوخو و دەرەوەی تورکیادا، 75 ملیۆن و 288 هەزار و 955 هەزار پسوولەی دەنگدان لە نوێنەرایەتییەکان و خاڵەکانی سنووری دابەش کراوە.

بەپێی بڕیاری کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان لە سەعات 18:00 ئێوارەی ئەمڕۆ پڕۆپاگندەکان کۆتاییان پێ دێت و، بەوپێیە پارتییەکان و پاڵێوراوانی سەربەخۆ بۆیان نییە بەیاننامەی نووسراو، رێکلام و پڕۆپاگندە بڵاو بکەنەوە، یان لەسەر ئینتێرنێت درووشم و یان نووسراو یان گرتەیەکی ڤیدیۆیی دابەزێنن.

لە رۆژی هەڵبژاردندا لە سه‌عات 06:00 هەتا سه‌عات 24:00 خواردنەوەی کحولی نافرۆشرێت و شوێنەکانی فرۆشتن و پێدانی ئەو خواردنانە دادەخرێن.

لەو رۆژەدا جگە لە هێزەکانی ئاسایش هیچ کەسێک بۆی نییە چەک هەڵبگرێت و راگەیاندنەکان بۆیان نییە هەتا سه‌عات 18:00 هیچ دەرەنجام یان پێشبینییەک لەبارەی هەڵبژاردنەکان بڵاو بکەنەوە و، رادیۆکان و ئامرازەکانی دیکەی راگەیاندن لە سه‌عات 18:00 هەتا 21:00 بۆیان هەیە تەنیا راگەیەنراوەکانی کۆمیسیۆن دەربارەی هەڵبژاردنەکان بڵاو بکەنەوە.

لە دوای سه‌عات 21:00 راگەیاندنەکان ئازاد دەبن لە بەرنامەکانیان و لە ئەگەری هەر چەشنە گۆڕانکارییەک لەم بارەیەوە تەنیا کۆمیسیۆنی هەڵبژاردن بڕیار دەدات.

ئانادۆڵو

هەواڵی پەیوەندیدار