ئەنجوومەنی نوێنەران ماوەی كاركردنی مانگێك درێژ كردەوە

بەغدا-KDP.info- پەرلەمانتارێكی فراكسیۆنی پارتیی دیموكراتی كوردستان لە بەغدا دەڵێت، ئەمڕۆ ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە دانیشتنی ئاسایی خۆیدا ماوەی كاركردنی بۆ مانگێك درێژ كردەوە، كە لە سەرەتای مانگی داهاتووەوە دەكەوێتە پشووەوە.
ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراكسیۆنی پارتیی دیموكراتی كوردستان (ئەردەلان نوورەدین)، بە ماڵپەری فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، هەر چوار مانگ كاركردن دواتر دوو مانگ دەكرێتە پشووەوە، بۆیە ئێمە لە مانگی حەوتەوە دەستمان بە كار كردووە و لە سەرەتای مانگی ١١ـەوە دەبێتە پشوو بۆ ماوەی دوو مانگ، بەڵام ماوەی كاركردن بۆ مانگێك درێژ كرایەوە".
(ئەردەلان) گوتیشی، هۆكاری درێژكردنەوەی ماوەی كاركردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، كە چەند كێشەیەك هەن، لەوانە لافاو و كێشەی ئاوارەكان، خشتەی نوێی مووچە و بەردەوامیی شەڕ لەگەڵ داعشدا.
بڵند ئیبراهیم




