بۆ پلانی ئازادكردنی مووسڵ، 30 ملیار دینار تەرخان كراوە

مووسڵ-KDP.info- سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا ئاشكرای دەكات، پلانیان بۆ كاتی ئازادكردنی شاری مووسڵ داناوە تا ئەو خێزانانەی ئاوارە دەبن و لە مووسڵ دەردەچن، هاوكاری بكرێن و، بۆ ئەم مەبەستەیش 30 ملیار دیناریان لە بوودجەی پارێزگاكە تەرخان كردووە.
سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا (بەشار كیكی)، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "بۆ كاتی ئازادكردنی شاری مووسڵ ئامادەكاریی خۆمان كردووە و لە بوودجەی 2015ـی پارێزگای مووسڵیش، نزیكەی 30 ملیار دینارمان تەرخان كردووە بۆ لایەنی مرۆڤایەتی وەك دابینكردنی خێوەت و ئاو و خواردنی ئامادەكراو و، هەروەها لایەنی تەندروستی و گشت فەرمانگە خزمەتگوزارییەكانیش ئاگادار كراون و بەشدار دەبن لە پلانی مەدەنی و مرۆڤایەتیدا، چونكە ئەو پلانەیش هاوكات دەبێت لەگەل پلانی سەربازی تا كاتی پرۆسەی ئازادكردنی مووسڵ دەست پێ دەكات و، ئەوكات دەزانین دەبێت چی بكەین، چونكە دەبێت هەموو ئەگەرێك لە بەرچاو بگرین و خۆمانی بۆ ئامادە بكەین، لەبەر ئەوەی لەوانەیە ئاوارەیی جارێكی تر روو بدات، هەر چەند ناتوانین پێشبینی بكەین چەند كەس ئاوارە دەبن، بەڵام خۆمان ئامادە دەكەین بۆ ژمارەیەكی زۆر لەوانە 100 هەزار كەسێك هیوادارین ئەوەندەیش نەبێت".
(كیكی) گوتیشی: "لەو پلانەدا هەماهەنگیمان هەیە لەگەڵ هەرێمی كوردستان و نەتەوە یەكگرتووەكان، بەڵام ڕۆڵی حكوومەتی ناوەندی تا ئێستا زۆر لاوازە لەو بابەتە و، هەروەها وەزارەتی كۆچ و كۆچبەرانی عێراقیش بە هەمان شێوە لە پلانەكانی ئەو بابەتە نەخراوەتە روو و هیچ پلانێكی نییە بۆ ئەگەری ئاوارەبوونی خەڵكێكی زۆر لە كاتی دەستكردن بە پرۆسەی ئازادكردنی شاری مووسڵ".
دەشڵێت: "پێویستە حكوومەتی ناوەند بوودجەی پارێزگای مووسڵ كە 372 ملیارە، هەمووی پێكەوە بدات بۆ ئەوەی بتوانین 30 ملیار بۆ پلانەكەمان دابین بكەین".
نەشوان بەرزنجی




