٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
عێراقی و نێوده‌وڵه‌تی

چەند پەرلەمانتارێک بە زۆر دەیانەوێت یاساکانی بەغدا بەسەر ھەرێمی کوردستاندا بسەپێنن

سەرچاوە: KDP.info

به‌غدا-KDP.info-   بڕیارە شەممەی دابێ، پەرلەمانی عێراق خوێندنەوەی دووەم بۆ پرۆژەیاسای دیاریکردنی ویلایەتی سێ سەرۆکایەتییەکە بکات و، چەند پەرلەمانتارێکی کوردیش پێشنیازیان کردووە تا ئەو یاسایە ھەرێمی کوردستانیش بگرێتەوە، بەڵام دژی ماددەی 121 دەستووری عێراقە.

(د. ئەشواق جاف) ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی پارتیی دیموکراتی کوردستان بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "بڕیار بوو ئەمڕۆ پێنجشه‌ممه‌ پەرلەمانی عێراق دووەم‌خوێندنەوەی پرۆژەیاسای دیاریکردنی ویلایەتی سێ سەرۆکایەتی بکات، بەڵام دوا کەوت و، خرایە ڕۆژی شەممەوه‌."

(د. ئەشواق جاف) گوتیشی، پێشنیازێک کراوە کە ئەو پرۆژەیاسایە ھەرێم و، پارێزگاکانیش بگرێتەوە، بەڵام ئەوەی ھەرێمەکان دژی ماددەی 121ـی دەستووری عێراقە و، ئەگەر پەرلەمان ڕژد بوو لەسەر ئەو پێشنیازە، ئەوکات ئیحراج دەبێت، چونکە یاسایەک دەردەکات کە دژی دەستوورە، ھەرچەندە زەحمەتە سەر بگرێت؛ خولی ڕابردوو، یاسایەکی دیکە دەرکرا کە سەرۆکوەزیران تەنها دوو خول مافی خۆکاندیدکردنی ھەبێت، بەڵام تانەی لێ درا لە دادگای فیدراڵدا و، یاساکە ڕەت کرایەوە."

ئەو پەرلەمانتارە ڕوونیشی کردەوە، ئێمە وەکو فراکسیۆنی پارتیی دیموکراتی کوردستان دژی ھەر ھەنگاوێکین کە لە دەستوور لابدات، خۆی ئەوە پێویستە پەرلەمانی کوردستان بیکات نەک پەرلەمانی عێراق.
بەپێی زانیارییه‌كان چەند پەرلەمانتارێکی کورد پێشنیازیان کردووە کە ئەو یاسایە ھەرێمی کوردستانیش بگرێتەوە، هەر لەبەر ئەوەی کێشەکانی ھەرێمی کوردستان ببنە بەغدا، ئەگەرنا ئەو ھەنگاوە دژی ماددەی 121ـی دەستووری عێراقە.

بڵند ئیبراھیم

هەواڵی پەیوەندیدار