٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
عێراقی و نێوده‌وڵه‌تی

هەوڵ دەدرێت عێراق بچێتە ناو سیستەمی دادگای تاوانی نێودەوڵەتییەوە

سەرچاوە: KDP.info

بەغدا-KDP.info- ئەندامێكی لیژنەی مافی مرۆڤ لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەڵێ، لیژنەی مافی مرۆڤی ئەنجوومەنی نوێنەران لەگەڵ كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی مافی مرۆڤ و ئەنجوومەنی راوێژكاری مافی مرۆڤ و رێكخراوەكانی گۆمەڵگەی مەدەنی كۆ بوونەتەوە دەربارەی داخڵكردنی عێراق بۆ سیستەمی دادگای تاوانی نێودەوڵەتی. ڕوونیشی دەكاتەوە: "كەمپینێكمان دروست كردووە بۆ ئەوەی گوشار لەسەر حكوومەتی عێراق دروست بكەین تا داخڵی سیستەمی دادگای تاوانی نێودەوڵەتی بێت".

(د. ئەشواق جاف) ئەندامی لیژنەی مافی مرۆڤ لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، بە ‌ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "ئێمە لە لیژنەی مافی مرۆڤی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، لەگەڵ كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی مافی مرۆڤ و ئەنجوومەنی راوێژكاری مافی مرۆڤ و رێكخراوەكانی گۆمەڵگەی مەدەنی كۆ بووینەوە دەربارەی داخڵكردنی عێراق بۆ سیستەمی دادگای تاوانی نێودەوڵەتی، لە كۆبوونەوەكەیشدا هەموو لایەك جەختمان لەوە كردەوە كە پێویستە عێراق داخڵی سیستەمی دادگای نێودەوڵەتی بێت نەوەك بریتەكەی هەڵبژێرێت، چونكە بە بەردەوامی لە دوای پرۆسەی ئازادیی عێراق و پێشتریش كۆمەڵكوژی لە عێراقدا كراوە".

(جاف) گوتیشی: "لەم هەموو تاوانەی داعش ئەنجامی داوە، هیچ رێگاچارەیەكی وەها بەدی ناكرێت بۆ دادگاییكردنی تاوانباران، دەبێ یاسای دادگای تاوانی عێراقی هەموار بكرێتەوە وەكو بریتێك بۆ داخڵبوونی دادگای تاوانی نێودەوڵەتی، ئەم كارەیش رێگری لەو كەسانە دەكات كە بە پارە و چەك و بە هەر شێوەیەكی دیكە هاوكاریی داعش دەكەن، چونكە ئەو كەسانە لە سنوورەكانی وڵاتاندا بە دڵی خۆیان هاتوچۆ دەكەن و لە وڵاتەكانی خۆیاندا هیچ یاسایەك نییە سزایان بدات و دێنە ریزەكانی داعش و بەرانبەر بە هێزی پێشمەرگە دەجەنگن و خەڵكی بێتاوان دەكوژن و تاوانی نامرۆڤانە ئەنجام دەدەن، بەڵام بە داخەوە هەندێك لایەنی سیاسی لە عێراق لە دژی ئەم بەشدارییەن بۆ نێو سیستەمی دادگای تاوانی نێودەوڵەتی".

ئەو ئەندامەی لیژنەی مافی مرۆڤ لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەشڵێت: "لەم كۆبوونەوەیەدا كەمپینێكمان دروست كردووە بۆ ئەوەی گوشار لەسەر حكوومەتی عێراق دروست بكەین، تا داخڵی یاسای دادگای تاوانی نێودەوڵەتی بێت، ئەگەر ئەمەیشمان بۆ نەكەن، ناچار پەنا بۆ ئەوە دەبەین كە یاسای دادگای تاوانی عێراقی هەموار بكەینەوە".

 

سەرباز واحد

هەواڵی پەیوەندیدار