داعش، دوو سەرۆكهۆزی لەناو قەفەسدا سووتاندن و شەش پۆلیسیشیان كوشتن

مووسڵ-KDP.info- تیرۆریستانی داعش بەردەوامن لە كوشتن بە شێوازی جیا جیا و دوو سەرۆكهۆزی جبووری و شەش پۆلیسیان كوشتووە و بەرپرسی دیوانی فێركردنی خۆشیان لەسەر كار لادا.
(عیسمەت رەجەب) بەرپرسی لقی چواردەی پارتیی دیموكراتی كوردستان لە مووسڵ، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی گوت: "تیرۆریستانی داعش دوو سەرۆكهۆزی جبوورییان لە ناحیەی گەیارەی باشووری شاری مووسڵ كوشت بە شێوەی ئاگرتێبەردان لەناو قەفەسی ئاسنین بە تۆمەتی هاوكاریكردنی دەستگا ئەمنییەكان و شەش ئەفسەری پۆلیسیشیان لە هەمان ناحیە گوللـەباران كرد و لاشەكانیان داوە بە پزیشكی دادوەریی مووسڵ".
بەرپرسی لقی چواردەی پارتیی دیموكراتی كوردستان گوتیشی: "تیرۆریستانی داعش بەرپرسی دیوانی فێركردنی تیرۆریستانی داعشیان بە ناوی (زولقەرنەین) لادا دوای خەرجكردنی بڕێك پارەی خەیاڵی بۆ دیوانەكە و، هەروەها گەنجێكی شاری مووسڵیشیان بە تۆمەتی جنێودان بە (ئەبوبەكر بەغدایی) دەستگیر كردووە و چارەنووسی نادیارە".
نەشوان بەرزنجی




