٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
عێراقی و نێوده‌وڵه‌تی

داوای ڕەتكردنەوەی خشتەی تازەی مووچەی فەرمانبەران دەكرێت

سەرچاوە: KDP.info

بەغدا-KDP.info-  ئەندامێكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق،  داوا لە پەرلەمان دەكات یاسای خشتەی تازەی مووچەی فەرمانبەران ڕەت بكاتەوە و، لە كاتی جەختكردنەوە لەسەر جێبەجێكردنیشی، متمانە لە حكوومەت بستێندرێتەوە.

(د. بێریوان خەیلانی) ئەندامی كورد لە ‌‌ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، بە ماڵپەری فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "حكوومەت لەبری ئەوەی قۆڵ و بازوو هەڵبكات و بە هەموو توانایەكی رووبەرووی گەندەڵی ببێتەوە و ئەو سەدان ملیار دۆلارەی دزراوە بیگەڕێنێتەوە، دەستی كردووە بە بڕینی مووچە و دەرماڵەی فەرمانبەران، دوابەدوای دەرچوونی بڕیارە بێسەروبەرە تازەكەی حكوومەتیش لەمەڕ خشتەی تازەی مووچەی فەرمانبەران، كە تێیدا ئاماژە بە كەمكردنەوەی دەرماڵەی خزمەتی زانكۆیی دراوە، كە كاریگەریی خراپی لەسەر كەرتی خوێندنی باڵا لە عێراقدا دەبێت بە تایبەتیش دوای دەرچوونی فەرمانبەرانی زانكۆكان و ئەنجامدانی خۆپیشاندان و مانگرتنیان لەسەر شەقامەكان، ئەمەیش وا دەكات پرۆسەی خوێندن لە گشت زانكۆكانی وڵاتدا پەكی بكەوێت".
(د. بێریوان) گوتیشی: "ئەم كارەی حكوومەت منی سەرسام كردووە، بۆچی حكوومەت توانای خۆی لەسەر پڕۆفیسۆران و خاوەن توانا زانستییەكان تاقی دەكاتەوە و مووچەكانیان كەم دەكاتەوە بە بیانووی چاكسازی و كەمكردنەوەی تێچووەكان، ئەمە لەبری نەهێشتنی گەندەڵی و گەڕاندنەوەی ئەو سامانە زۆرەی بردراوە و ڕەوانەی دەرەوەی وڵات كراوە، بۆیە من بە توندی ئەو بڕیارە ڕەت دەكەمەوە و داوا دەكەم لە ئەنجوومەنی نوێنەران بە ڕەتكردنەوەی بڕیاری خشتەی تازەی مووچە و لێسەندنەوەی متمانە لە حكوومەت لە كاتی جەختكردنەوە لەسەر جێبەجێ‌كردنی ئەم بڕیارە، چونكە بە دڵنیاییەوە ئەم بڕیارە چەوساندنەوەی چینێكی زۆر گرینگ دەگرێتەوە لە ڕۆڵەكانی عێراق و ئەنجامەكەیشی كارەساتە لەسەر كەرتی خوێندن و هەموو كەرتەكانی دیكەی ژیان".
لەبارەی زیانەكانی ئەم بڕیارەیشەوە، ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی نوێنەران ئاماژەی دا: "ئەم بڕیارە دەبێتە هۆی زیاتر كۆچكردنی خاوەن تواناكان بۆ دەرەوەی وڵات لەبری سوودوەرگرتن لە تواناكانیان لە ناوەوە و هەوڵدان بۆ هێنانەوەی ئەوانەی كە پێشتر كۆچیان كردبوو، ئەمەیش بە فەراهەمكردنی خۆشگوزەرانی و ژیانێكی بێ كێشە بۆ هەموو تاكێكی وڵات".

نەشوان بەرزنجی  
 

هەواڵی پەیوەندیدار