لە ئامەد، 2 پۆلیس و 7 داعش کوژران
__2015_10_27_h22m30s23__LB.jpg)
ئامهد-KDP.info- دوێنێ لە بەرەبەیاندا دەزگای ئاساییشی تورکیا لە ئامەد، هەڵیکوتایە سەر چەند مۆڵگەیەکی نهێنی گروپی تیرۆریستی داعش و، دوای شەڕێکی چەند سەعاتی 2 پۆلیسی تورک کوژران و 7 تیرۆریستیش لە هەمان شوێندا کوژران.
بە گوێرەی ئەو زانیارییانەی دەزگای پاراستنی ئاساییشی تورکیا لە ئامەد لە ناوچەی (کایە پنار) دهستی خستبوو، چەند ژوورێکی نهێنی داعش بوونی هەیە و، ئەوان ئەو شوێنانەیان کردووە بە مۆڵگەی تایبەتی خۆیان و، بەنهێنی کاری تیرۆریستی تێدا ئەنجام دەدەن، بۆیە ئاساییشی تورکیا لە یەککاتدا هەڵیکوتایە سەر ئەو مۆڵگانەی داعش، بەڵام چەند داعشێک بۆمبی چێنراویان بۆ ئاساییش دانابوەوە، بۆیە 2 پۆلیس کوژران و، 7ی دیکەیش برینداربوون.
پولیسی تورکیا دوای شەڕێکی چەند سەعاتی توانی 7 تیرۆریستی داعش بکوژن و، هەموو مۆڵگەکانیشیان دەست بەسەردا گرتن، بەڵام گەڕان بە دوای ئەندامانی ئەو گروپە بەردەوامی هەیە، چونکە بە گوێرەی زانیارییە نهێنییەکان چەندین ئەندامی داعش لەشوێنی نهێنی لە ئامەد خۆیان حەشارداوە.
لە شەڕەکەدا پۆلیسی تورکیا توانی 3 داعش دەستگیر بکات و رەوانەی ئاساییشیان بکات بۆ لێکۆڵینەوە، ئەو 3 داعشەیەیش هاوکاربوون بۆ ئەوەی 9 ئەندامی دیکەی ئەو گروپە دەستگیر بکرێت، بۆیە کۆی گشتی داعشە دەستگیرکراوەکان 12 داعشە. هەروەها ئەو ئەندامانەی داعش ویستویانە لەناو ئامەد و چەند شوێنێکی دیکەی تورکیا کردەوەی خۆکوژی ئەنجام بدەن.
ئەمڕۆیش دەزگای ئاساییشی ئیستانبوڵ ئۆپەراسیۆنێکی فراوانی بۆ دەستگیرکردنی ئەندامانی داعش لەو شارە دەستپێکرد و توانیان چەند داعشێک دەسگیر بکەن و، هەروەها دەستیان بەسەر چەندین چەک و تەقەمەنیدا گرتوە.
ئەو شوێنانەی لە ئیستانبوڵ ئۆپەراسیۆنەکەی تێدا ئەنجامدرا (ئاڤجیلار، بەشیکتاش، سوڵتان بەیلی). بەگوێرەی ئەو هەواڵانەیشی بڵاوکراوەتەوە، ئۆپەراسیۆن لەناو ئیستانبوڵ بۆ دەستگیرکردنی ئەندامانی داعش بەردەوامی دەبێت، چونکە زانیاری هاتوە کە چەندین ژووری نهێنی داعش لەنێو ئیستانبوڵ بوونیان هەیە.
کارزان گلی




