میوانداری سەرۆكوەزیران دەكرێت.. لەبارەی مووچەوەیە

هەولێر-KDP.info- دوای ئەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق خشتەی نوێی مووچەی پەسەند كرد، لە ئێستادا ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دژی ئەو خشتەیە نوێیەیە، پەرلەمانتارێكی كوردیش دەڵێت، لەسەر ئەو پرسە، ئەنجوومەنی نوێنەران میوانداریی سەرۆكوەزیرانی عێراق دەكات، بۆ ئەوەی گفتوگۆ لەبارە ئەو پرسەوە بكرێت.
(ئەشواق جاف) ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، بە ماڵپەری فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "ئەمڕۆ لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق فەرمانبەران خۆپیشاندانیان دژی خشتەی نوێی مووچە ئەنجام دا كە لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیرانەوە پەسەند كراوە، بۆیە ئەنجوومەنی نوێنەران دژایەتیی خۆی بۆ ئەو خشتەیە راگەیاند، چونكە ئێمە دژی ئەوەین مووچەی فەرمانبەران كەم بكرێتەوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەداین مووچەی پلەتایبەتەكان كەم بكرێتەوە نەوەك فەرمانبەران".
(جاف) گوتیشی: "ئێمە لەگەڵ چاكسازیداین، بەڵام ئەمە چاكسازی نییە و پێویستە چاكسازی بە نەهێشتنی گەندەڵی و زیادكردنی داهاتی ناوخۆ بكرێت نەك مووچەی فەرمانبەران كەم بكرێتەوە".
دەشڵێت: "لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆدا بڕیار درا كە سەرۆكوەزیران و ئەوانەی پەیوەندییان بە خشتەی مووچەوە هەیە، میوانداریی ئەنجوومەنی نوێنەران بكرێن و گفتوگۆ لەبارەی ئەو پرسەوە بكرێت".
بڵند ئیبراهیم




