بوله‌نت ئارینج: "من لایه‌نگری ئیمامی حوسێنم و، دژی ره‌فتاره‌كانی یه‌زیدم"

ئیستانبووڵ-KDP.info- جێگری سه‌رۆكوه‌زیرانی پێشووی توركیا (بوله‌نت ئارینج)، له دیمانه‌یه‌كی تایبه‌تدا باسی له هۆكاری دوورخستنه‌وه‌ی خۆی كرد له ئاكه‌په و، پێی وایه له نیوه‌ی رێگه ئه‌ویان فه‌رامۆش كردووه، ئه‌گه‌رچی بڕیاریان دابوو تا كۆتایی رێگه به یه‌كه‌وه بن.
(ئارینج) له دیمانه‌یه‌كیدا له‌گه‌ڵ كه‌ناڵی ''سی ئێن ئێنی تورك''، له باره‌ی هۆكاری دووركه‌وتنه‌وه‌ی له ئاكه‌په و حكوومه‌ت گوتی: "مرۆڤ پێویسته هاوڕێی خۆی به باشی بدۆزێته‌وه، واته یه‌كه‌مجار دۆست هه‌ڵده‌بژێرێت و پاشان به یه‌كه‌وه رێگه ده‌گرنه به‌ر. به‌ڵام كاتێك رێگه ده‌گرنه به‌ر و، له رێگه كه‌سێكی دیكه ده‌كه‌ی به دۆستی خۆت، بێگومان ئه‌وه‌ی یه‌كه‌مت ناتوانێت له كۆتاییی رێگه له‌گه‌ڵدا بێت. ئێمه بڕیارمان دابوو به یه‌كه‌وه خه‌بات بكه‌ین و رێگه بگرینه به‌ر، به‌ڵام ره‌شه‌بایه‌ك هات و ئێمه‌ی فڕێدایه لایه‌ك و ئه‌وانیشی فڕێدایه لایه‌كی دیكه."
ماوه‌یه‌ك به‌ر له ئێستا، سه‌رنووسه‌ری رۆژنامه‌ی (ستار)ـی توركیا (نوح ئالبه‌یراك)، ره‌خنه‌ی له (ئارینج) گرت، به‌وه‌ی بۆی نییه ره‌خنه له ئاكه‌په بگرێت، چونكه ئه‌و ئێستا هیچ رۆڵێكی نییه. بۆیه له باره‌ی ئه‌و سه‌رنووسه‌ره‌وه گوتی: "ده‌مه‌وێت به روونی ئه‌وه‌تان پێ بڵێم من كه هاتووم لێره دیمانه له‌گه‌ڵ ته‌له‌ڤزیۆنه‌كه‌ی ئێوه‌دا ده‌كه‌م هیچ مه‌به‌ستێكم نییه. بڕیارم دابوو دیمانه‌ی زۆر له‌گه‌ڵ ته‌له‌ڤزیۆن و رۆژنامه‌كاندا بكه‌م، به‌ڵام تا دوای هه‌ڵبژاردن هیچ شتێك ناڵێم نه‌وه‌ك به شتێكی دیكه لێكی بده‌نه‌وه. بۆ وه‌ڵامی ئه‌و سه‌رنووسه‌ره‌یش كه وه‌كو هه‌ڕه‌شه‌یه‌كیش ره‌خنه‌ی له‌من گرتبوو، من هه‌میشه لایه‌نگیری (ئیمامی حوسێن) بوومه و، هه‌رگیز لایه‌نگیری (یه‌زید) نه‌بوومه. ئه‌وان له (یه‌زید) زیاتر ده‌ستیان ده‌چێته كوشتنی خه‌ڵكه‌وه، ئه‌وان هه‌ستی كۆمه‌ڵگه ده‌كوژن. بڕوا بكه ئه‌گه‌ر (یه‌زید) ئێستا له ژیاندا بمابایه ئیره‌یی به‌وان ده‌برد بۆ هه‌موو ئه‌و تاوانانه‌ی كه ده‌یكه‌ن".
له به‌شێكی دیكه‌ی قسه‌كانیدا دووپاتی كرده‌وه، كه ئاكه‌په بۆ ئه‌م هه‌ڵبژاردنه به ته‌نیا ده‌توانێت حكوومه‌ت پێكبهێنێت. گوتیشی: "به هیچ شێوه‌یه‌ك له‌ناو ئاكه‌په‌دا ئینشقاق روو نادات، به‌ڵام بۆ پارتییه‌كانی دیكه‌ی ئه‌گه‌ری ئینشقاق زۆره".
كارزان گلی




