پشکی ھەرێم، ١٣ترلیۆن دینارە.. حەفتەی دابێ بودجە دەگاتە پەرلەمان

بەغدا-KDP.info- ئەندامێکی لیژنەی داراییی پەرلەمانی عێراق گوتی، بڕیارە حەفتەی دابێ، پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی عێراق بۆ ساڵی ٢٠١٦ بگاتە پەرلەمان، کە بڕەکەی ١٠٦ترلیۆن دینارە و، ١٣ترلیۆن دیناری بەر ھەرێمی کوردستان دەکەوێ.
ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق (سەرحان سلێڤانەیی)، بە ماڵپەری فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند: "بڕیارە حەفتەی دابێ پڕۆەیاسای بودجەی گشتیی عێراق بۆ ساڵی ٢٠١٦بگاتە پەرلەمان و لە لیژنەی داراییدا گفتوگۆی لەسەر دەکەین، دواتر راپۆرتی لەبارەوە ئامادە کەین و دەخرێتە بەرامەی کارەوە بۆ گفتوگۆکردن و پەسەندکردنی، پێشنبینییش دەکەین پێش ساڵی نوێ پەسەندی بکەین."
(سەرحان سلێڤانەیی) گوتیشی، بەم نزیکانە شاندێکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانیش دێتە بەغدا و، گفتوگۆ لەگەڵ بەرپرسانی حکوومەتی عێراقدا دەکەن، بۆئەوەی لەسەر پشکی ھەرێمی کوردستان لە بودجە رێککەوتن بکەن.
(سلێڤانەیی) هەروەها دەڵێ، داھاتی بودجەی گشتیی عێراق بۆ ساڵی دابێ، ٨٣ترلیۆن دینارە و خەرجییەکانیش ١٠٦ترلیۆن دینارە، کە پشکی ھەرێمی کوردستان ١٣ترلیۆن دینارە و رێژەی کورتھێنانیش ٢٣ترلیۆن دینارە؛ بڕی بەرمیلێک نەوتیش لە بودجە بە ٤٥دۆلار خەمڵێندراوە.
بڵند ئیبراھیم




