پڕۆژەكانی مالیكی لەگەڵ دۆخی ئێستای عێراقدا ناگونجێن

بەغدا-KDP.info- ئەندامێكی لیژنەی دارایی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەڵێت، لەسەر داوای حكوومەتی ئێستای عێراق زیاتر لە ٥٠ پڕۆژەیاسای سەردەمی حكوومەتی (نووری مالیكی) گەڕێندراونەتەوە بۆ حكوومەت، چونكە كۆنن و لەگەڵ دۆخی ئێستای عێراقدا ناگونجێن.
(سەرحان سلێڤانەیی) ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە لیژنەی دارایی، بۆ ماڵپەری فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستان گوتی: "كۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، دوایین كۆبوونەوەی ئەم هەفتەیەی دەبێت، چونكە پڕۆژەیاسا نییە گفتوگۆی لەسەر بكەین، لەبەر ئەوەی زیاتر لە ٥٠ پڕۆژەیاسا كە لە سەردەمی حكوومەتی (نووری مالیكی)ـدا رەوانەی ئەنجوومەنی نوێنەران كرابوون، لەسەر داوای حكوومەتی (عەبادی) گەڕێندراونەتەوە بۆ حكوومەت، لەبەر ئەوەی لەگەڵ دۆخی ئێستادا ناگونجێن".
دەشڵێت: "ئەو پڕۆژەیاسایانە كۆن بوون و (نووری مالیكی) بە ئارەزووی خۆی دایڕشتبوون كە ناكۆكیی سیاسی لێ دروست ببوو، بۆیە لەگەڵ دۆخی ئێستا و گۆڕانكارییەكان نەدەگونجان و گەرێندراونەتەوە بۆ حكوومەت، بۆ ئەوەی هەندێكیان گۆڕانكارییان تێدا بكرێت، هەندێكیشیان لاببات و پڕۆژەیاسای نوێ ئامادە بكەن، دواتر بۆ ئەنجوومەن رەوانەی بكەن و پەسەند بكرێن و ببنە یاسا، بە جۆرێك سوودیان بۆ گەلی عێراق هەبێت".
بڵند ئیبراهیم




