٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
عێراقی و نێوده‌وڵه‌تی

بولەنت ئارینج زانیاریی تازە لەسەر هەڵبژاردن دەدركێنێت

سەرچاوە: KDP.info

مانیسیا-KDP.info-  لە كاتی بەشداریكردنی لە بەرنامەیەكی تەلەڤزیۆنیی ناوخۆییدا لە شاری مانیسیا، جێگری سەرۆكوەزیرانی پێشووی توركیا (بولەنت ئارینج) باسی لە رێژەی دەنگی پارتییەكان كرد، بۆ ئەمەشیان پشتی بە راپرسییەك بەستووە، كە ئاكەپە ئەنجامی داوە.

(ئارینج) باسی لەوە كرد كە، لەناو ئەو فڕۆكەیەی ئەوی تێدا بووە، سەرۆكوەزیرانی توركیا (ئەحمەد داوودئۆغلو)ـیشی لێ بووە بۆ مانیسیا، بۆیە لێی پرسیوە پێشبینییەكان چۆنە بۆ ئەنجامی هەڵبژاردن؟ لە وەڵامدا پێی گوتووە، ئاكەپە دەتوانێت بە تەنیا حكوومەت پێك بهێنێت و 276 ئەندام پەرلەمانیان دەبێت.
(ئارینج) دەڵێت، (داوودئۆغلو) پێی گوتووە، ئامانجی ئەوان زیاترە لەو رێژەیە و، پێویستە زیاتر لە 276 كورسی بهێنن.

ئەوەیش ناشارێتەوە كە دەنگی پارتیی دیموكراتی گەلان "هەدەپە" هیچ گۆڕانێكی ئەوتۆی بەسەردا نایەت، واتە 13% دەهێنێت، ئەمەیش هەر (داوودئۆغلو) پێی گوتووە و جەهەپەیش هەر وەكو هەدەپە دەنگی زیاد ناكات، بەڵام بە گوێرەی راپرسییەكەی ئاكەپە، مەهەپە دەنگی بەرەو كەمبوونەوە دەچێت.
بە گوێرەی بۆچوونی (ئارینج)، هەدەپە لە هەڵبژاردنی 7ـی حوزەیراندا بۆیە توانی 13%ـی دەنگەكان بهێنێت، چونكە 3 رۆژ بەر لە هەڵبژاردن تەقینەوەكەی دیاربەكر رووی دا و، خەڵكیش لەبەر ئەو تەقینەوەیە سۆزیان بۆ هەدەپە رۆیی. ئەو دەڵێت، رەنگە تەقینەوەكەی ئانكارایش بە هەمان شێوەی هەڵبژاردنی پێشوو هۆكار بێت بۆ ئەوەی خەڵك دەنگ بە هەدەپە بدەن.
زۆرێك لە سەركردایەتیی ئاكەپە رەخنەیان لە سەرۆككۆماری پێشووتری توركیا (عەبدوڵڵا گویل) گرت بەوەی كە، لە دوای تەقینەوەكەی ئانكارا پەیوەندیی تەلەفۆنی لەگەڵ (سەڵاحەددین دەمیرتاش)ـدا كردووە، بەڵام (بولەنت ئارینج) پێی شتێكی ئاساییە و دەڵێت: "(گویل) هیچ هەڵەیەكی نەكردووە، چونكە لە تەقینەوەكەدا چەندان كاندیدی هەدەپەی بۆ پەرلەمان تێدا شەهید بوو، بۆیە وەكو نەریتێك پێویست بوو سەرەخۆشی لە (دەمیرتاش) بكرێت".

كارزان گلی

هەواڵی پەیوەندیدار