٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
عێراقی و نێوده‌وڵه‌تی

ئەنجوومەنی وەزیران لەبارەی پڕۆژەیاسای بوودجەوە كۆ دەبێتەوە

سەرچاوە: KDP.info

بەغدا-KDP.info- ئەندامێكی لیژنەی دارایی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ڕایگەیاند، بڕیارە لە ناوەڕاستی ئەم هەفتەیەدا ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لەبارەی پڕۆژەیاسای بوودجەی گشتیی عێراق بۆ ساڵی داهاتوو كۆ ببێتەوە و تێیدا پەسەندی بكات.


ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە لیژنەی دارایی (حاكم سەرحان سلێڤانەیی)، بە ماڵپەری فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "دوای ئەوەی وەزارەتی دارایی پڕۆژەیاسای بوودجەی ساڵی 2016ـی بۆ ئەنجوومەنی وەزیران رەوانە كرد، جارێكی دیكە بۆ وەزارەتی دارایی رەوانە كراوە بۆ ئەوەی هەندێك گۆڕانكاری تێدا بكەن، بۆیە بڕیارە رەوانەی ئەنجوومەنی وەزیران بكرێتەوە و رۆژی سێشەممەی داهاتوو ئەنجوومەنی وەزیران لەسەری كۆ ببێتەوە و تێیدا پەسەندی بكات".

(سلێڤانەیی) گوتیشی: "هەر كاتێك لە ئەنجوومەنی وەزیران پەسەند بكرێت، بۆ پەرلەمان رەوانە دەكرێت و ئەوەی لای ئێمەیش گرینگە ئەوەیە كە، بزانین نرخی یەك بەرمیل نەوت بە چەند دۆلار خەمڵێندراوە".

ئاماژەیشی دا كە، پێویستە هەرێمی كوردستان شاندێك رەوانەی بەغدا بكات بۆ ئەوەی لەبارەی پشكی هەرێمەوە گفتوگۆ بكەن و رێككەوتنێك واژۆ بكەن، چونكە پشكی هەرێمی كوردستان لە پڕۆژەیاسای بوودجەدا وەكو جاران 17%ـە".

بڵند ئیبراهیم
 

هەواڵی پەیوەندیدار