رۆڵی راگەیاندن لە مێژووی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ئەمەریکا دا

هەڵبژاردنەکانى سەرۆکایەتى ئەمەریکا کە هەر چوار ساڵ جارێک لە نێوان پاڵێوراوانى کۆماریەکان و دیموکراتەکان بەڕێوەدەچێت، هەڵبژاردنەکانى سەرۆکایەتى ئەمەریکا ئەوەى لە هەڵبژاردنەکانى دیکەى وڵاتانى دیکە جیا دەکاتەوە ئەوەیە کە هەر لە ساڵانى شەستەکانەوە جگە لە پڕوپاگەندەى هەڵبژاردن ، لە نێوان پاڵێوراوانى هەڵبژاردنەکان رووبەرووبوونەوەی تەلەفزیۆنى سازکراوە و ئەمەش بە گوتەى چاودێرانى هەڵبژاردنەکانى ئەمەریکا چۆنیەتى دەرکەوتن لە رووبەرووبوونەوەکانی تەلەفزیۆنی کاریگەریەکى زۆری لە سەر سەرکەوتنى بەرامبەرەکەى دروست کردووە.

یەکەمین و بە ناوبانگرترین رووبەرووبوونەوەی تەلەفزیۆنى لە مێژووى هەڵمەتەکانى پڕوپاگەندەکردن بۆ هەڵبژاردنەکانى سەرۆکایەتى ئەو رووبەرووبوونەوەیە بوو کە ساڵى هەزار و نۆ سەدو شەست لە نێوان پاڵێوراوى دیموکراتەکان جۆن کەنەدى و پالێوراوى کۆماریەکان ڕیچارد نیکسۆن بەڕێوەچوو. سەرەڕاى ئەوەى کە وێنەى ئەو کاتەى تەلەفزیۆن ڕەنگا و ڕەنگ نەبوو، بەڵام ئەمەریکییەکان هەستیان بە گرنگى رووبەرووبوونەوەکە کردبوو ئەمەش وەک ڕێگایەک بۆ پڕوپاگەندەکردن و هەروەها هاووڵاتى ئەمەریکیش دەتوانێت پێش هەڵبژاردنەکان بە شێوەیەکى ڕووکەش ڕووخسارى دەرەوەى پاڵێوراوەکان و بەهێزیان ببینێت و بزانێت.

لە رووبەرووبوونەوەی ساڵى هەزار و نۆ سەد و شەستى ئەمەریکا شەست و شەش ملیۆن کەسى ئەمەریکى لە کۆى سەد و هەشتا ملیۆن کەس واتە نزیکەى سێیەکى ئەمەریکیەکان بینەرى رووبەرووبوونەوەی تەلەفزیۆنی نێوان جۆن کەنەدى و ڕیچارد نیکسۆن بوون. لە میانەى رووبەرووبوونەوەدا ئەمەریکیەکان هەستیان بەوە کرد کە کەنەدى سەرکەوتوانە لە رووبەرووبوونەوەدا بە دیدەکرا لە کاتێکدا بەرامبەرەکەى نیکسۆن نا ئارامیەکى زۆرى بە ڕووخساریەوە بە دی دەکرا.

دووەمین رووبەرووبوونەوەی تەلەفزیۆنى ئەو رووبەرووبوونەوەیە بوو کە ساڵى هەزار و نۆ سەد و شەست و حەوت لە نێوان پاڵێوراوى کۆماریەکان جیڕاڵد فۆرد و فەرمانڕەوایى ویلایەتى جۆرجیا جیمى کارتەر بەڕێوەچوو. چاودێرانى ئەو کاتەى هەڵبژاردنە سەرۆکایەتیەکەى ئەمەریکا پێیان وابوو کە شکستهێنانى فۆرد بۆ هەڵە بەناوبانگەکەى دەگەڕێتەوە کاتێک گووتیى تا ئەو کاتەى من سەرۆکى ئەمەریکا بم ناهێڵم یەکێتى سۆڤێتى جاران هەژموونى خۆیى بە سەر ووڵاتانى ڕۆژهەڵاتى ئەوروپا زاڵ بکات. لە ساڵى هەزار و نۆ سەد و هەشتا رووبەرووبوونەوەیەکی دیکەى تەلەفزیۆنى لە نێوان جیمى کارتەر و ڕۆناڵد ڕیگان بەڕێوەچوو.ڕیگان بەو پێیەى ئەکتەرى سینەمایى بوو. بۆیە بە پشت بەستن بەو شارەزایەى کە لە فیلمەکانى هۆلیۆد دا پەیداى کربوو توانى سەرکەوتن بە دەست بهێنێت. لە میانەى رووبەرووبوونەوەدا پرسیارى ئەوە ئاراستەى ڕیگان کرا کە ئایا تەمەنەکەى ئەوەى ڕێگە پێدەرە بۆ ئەوەى سەرۆکایەتى ئەمەریکا بگرێتە ئەستۆ لە وەڵامدا ڕیگان گووتى من توانا و شارەزایە سنوور دارەکانى بەرامبەرەکەم بە هۆکارى سیاسەتەوە قۆرخ ناکەم.

لە رووبەرووبوونەوەی تەلەفزیۆنی ساڵى هەزار و نۆ سەد و نەوەدو دووى نێوان بیل کلینتۆن و جۆرج بۆشى باوک ، کلینتۆن بە خۆ نزیکردنەوە لە جەماوەر هەوڵى ئەوەى دا کە ئەوە بە ئەمەریکیەکان ڕابگەینێت کە بیل کلینتۆن بەشێک لەوان و لێیان جیانابێتەوە. لە مونازەرەى ساڵى دوو هەزار و چوارى نێوان جۆن کێرى و جۆرج بۆشى کوڕ ، دواى ئەوەى جۆن کێرى ڕەخنەیەکى زۆرى ئاراستەى بۆش کرد ، لە وەڵامى ڕەخنەکاندا جۆرج بۆش توڕەیەکى زۆریى لە ڕووخسارى بە دیدەکرا.

هاوکات لەگەڵ ئەوەى رووبەرووبوونەوەی تەلەفزیۆنى بەتەنیا ڕۆڵى نیە لە یەکلایکردنەوەى دەرئەنجامەکانى هەڵبژاردنەکانى سەرۆکایەتى بەڵام لەگەڵ ئەمەشدا ، سەرۆکى ئێستاى ئەمەریکا باراک ئۆباما لە میانەى ڕووبەڕووبونەوەکانیدا لەگەڵ میت ڕۆمنى هیوا خوازە کە بتوانێت مونازەرەکان کاریگەرى خۆیان هەبێت و سەرکەوتن بە دەست بێنێت و وەک چۆن لە هەڵبژاردنەکانى ساڵى دوو هەزارو هەشتدا توانى سەرکەوتن بە سەر جۆن مەککین بە دەست بێنێت. ئەو پارتانەى کە بەشدارى لە هەڵبژارنەکانى سەرۆکایەتى ئەمەریکادا دەکەن بریتین لە دوو پارتى سەرەکى ئەوانیش پارتى کۆماریى و لەگەڵ پارتى دیموکراتەکان. پارتى دیموکراتى لە ساڵى هەزار و حەفت سەد و نەوەد و دوو لە سەر دەستى تۆماس جیڤرسۆن و جیمس مادیسۆن دامەزراوە. لە ماوەى مێژووى خۆیى دا بە وەرچەرخانى مێژووى زۆردا تێپەڕیووە بە تایبەتیش لە شەستەکانى سەدەى رابردوو. هاوکات لە گرنگترین سەرۆکەکانى پارتى کۆماریەکان بریتین لە ئەبڕاهام لێنکۆڵن و ڕۆناڵد ڕیگان و جۆرج بووشى باوک و جۆرج بووشى کوڕ.




