٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
عێراقی و نێوده‌وڵه‌تی

ڕووسیا و ئه‌مه‌ریكا بۆ پاراستنی سه‌لامه‌تی یه‌كدی گفتوگۆ ده‌كه‌ن

سەرچاوە: KDP.info

ئه‌مه‌ریكا-KDP.info-  ئه‌مه‌ریكا و ڕووسیا دیسان دەر‌باره‌ی سەلامەتی و، پاراستنی یه‌كدی گفتوگۆ ده‌كه‌ن كه‌ له‌كاتی هێرشه‌كانیاندا بۆسه‌ر داعش ده‌بێ ڕه‌چاوی سه‌لامه‌تی یه‌كدی بكه‌ن.

بە گوێرەی ڕاپۆرتێکی (دەنگی‌ئەمەریکا) بەرپرسانی بەرگریی ئەمەریکا و ڕووسیا ئەمڕۆ چوارشەممە لە ڕێگەی ڤیدیۆ کۆنفرانسەوە قسە و گفتوگۆ دەکەن بۆ گەیشتنە ڕێکەوتنێک لەسەر پاراستن و سەلامەتی یەکتری لەو هێرشە ئاسمانیانەی کە لە سووریادا دەیکەن.

لەو بارەیەوە (ئاشتۆن کارتەر) وەزیری بەرگریی ئەمەریکا ڕۆژی سێشەممە گوتی گفتوگۆ بۆ ڕێکەوتن لەسەر نەهێشتنی ڕوودانی هەر گرفتێکی هەوایی شاراوە و پاراستنی یەکترە لە کاتی هێرشی ئاسمانی لە سووریادا.
هەروەها گوتیشی ئەگەرچی  لە سیاسەتەکانی ڕووسیا لە سووریا ناڕازین بەڵام پێویستە بگەینە ڕێکەوتنێک بۆ ئەوەی دڵنیا بین کە فڕۆکەوانەکان و تیمە سەربازیەکانمان لە ئاسماندا سەلامەت دەبن.
ڕووسیاش لەڕێگەی وەزارەتی بەرگرییەوە لێدوانێکی لەو بارەیەوە بڵاوکردەوە و، دەڵێت ئەوان چەند پێشنیارێکیان بۆ ئەو مەبەستە وەکو ڕەشنوسی ڕێکەوتنەکە ناردوە بۆ بەرپرسانی ئەمەریکا.
هەروەها (ڤلادیمێر پۆتین) سەرۆکی ڕووسیا لە پانێڵێکدا گوتی ئەوان لەلای خۆیانەوە بۆ ئەو پرسە سەرۆکوەزیری ڕووسیا و چەند بەرپرسێکی ئاسایش و بەرگرییان دیاری کردوە.
شیاوی باسە، دوای ئەوەی ڕووسیا هەڵمەتە سەربازییەکانی لە سووریا دەست پێکردوە ناکۆکییەکانی لەگەڵ ئەمەریکادا لەمەڕ پرسی سووریا قووڵترکردووەتەوە، ئێستا هەردوو لایان ترسی ڕوودانی هەڵەی سەربازییان هەیە لە ئاسمانی سووریادا.

بۆ نزیککردنەوە و چارەی سیاسی لە ناوچەکە نوێنەری نەتەوە یەکگرتوەکان (ستیڤان دیمستۆرا) هەوڵەکانی بە جیا لەگەڵ هەردوو لادا چڕتر کردووەتەوە بۆ گەیشتنە چارەسەرێکی سیاسی بۆ دۆخی سووریا، دیمستۆرا دوێنێ لە مۆسکۆ بوو، بڕیارە ئەمڕۆش بگاتە واشنتن هەر لەسەر هەمان پرس.

و/ خالید ئەحمەد
 

هەواڵی پەیوەندیدار