توركیا..دۆخی دهستلهكاركێشانهوه جێگری سهرۆكوهزیرانی هێنایه دهنگ
__2015_10_13_h21m59s6__LB.jpg)
ئانكارا-KDP.info- جێگری سەرۆکوەزیرانی تورکیا رایگهیاند، من بە (کەمال کلیچدارئۆغلو) دەڵێم لە 4 هەڵبژاردن شکستت هێنا بۆ دەستت لە کارنەکێشایەوە، با ئەو وەکو نموونەیەک دەست لە کاربکێشێتەوە هەتا ئێمەیش داوا لە وەزیری ناوەخۆ بکەین دەست لە کاربکێشێتەوە.
لە دیمانەیەکیدا لەگەڵ کەناڵی (ستار)ـی تورکی (ئاکدۆغان) باسی لەوە کرد کە هێزە ئەمنییەکان توانیویانە چەند کەسێک دەستگیر بکەن کە دەستیان هەبووە لە تەقینەوەکەی ئانکارا کە بووە هۆی كوژرانی 97 هاووڵاتی بێتاوان، بەڵام لەبەر باری ئەمنی ناتوانێت ئێستا زانیاری زیاتر لەسەر ئەو رووداوە بڵاو بکاتەوە.
لە بارەی ئەوەی (کەمال کلیچدارئۆغلو) گوتبووی کە پێویستە وەزیری ناوەخۆی تورکیا دەست لەکاربکێشێتەوە، چونکە نەیتوانیوە لە رووی ئەمنییەوە سەرکەوتوو بێت، (ئاکدۆغان) گوتی: "من بە (کەمال کلیچدارئۆغلو) دەڵێم لە 4 هەڵبژاردن شکستت هێنا بۆ دەستت لە کارنەکێشایەوە، با ئەو وەکو نموونەیەک دەست لە کاربکێشێتەوە هەتا ئێمەیش داوا لە وەزیری ناوەخۆ بکەین دەست لە کاربکێشێتەوە. ئێمە با ناحەقی بەرانبەر بە هێزە ئەمنییەکان نەکەین، چونکە چەندین تیرۆریستیان پێشتر دەستگیر کردووە کە ویستویانە کاری تیرۆری لە ئیستانبۆڵ و شارەکانی دیکەی تورکیا بکەن، بۆیە با چاوەڕێی لێکۆڵینەوە بین، ئەگەر دەرکەوت وەزیری ناوەخۆ کەمتەرخەم بووە ئەوکات باس لە دەست لە کارکێشانەوە دەکەین".
هەروەها باسی لەوەیش کرد، کە پەکەکە ئاگربەستی رانەگەیاندووە و، ئەمە وەکو تەکنیکێک بەکاردەهێنن، چونکە دەزانن لە شەڕدا شکستیان هێناوە و، دەیانەوێت خۆیان کۆ بکەنەوە و دووبارە رۆڵەکانمان شەهید بکەنەوە. بۆیە ئاماژەی دا کە ئۆپەراسیۆن دژی پەکەکە بەردەوام دەبێت.
كارزان گلی




