جێگری سەرۆكی لاوانی جیهان: پاراستنی كوردستان، ئەركی سەرشانی گەنجانی كوردە

هەولێر-KDP.info- لە چەند دیدارێكی جیاوازدا، (فەلاح حەسەن) جێگری سەرۆكی لاوانی جیهان لەگەڵ هەریەكە لە كۆنسووڵی وڵاتانی (پۆلۆنیا، هەنگاریا، هۆڵەندا، رووسیا، چیك و ئەمەریكا)ـدا ڕایگەیاند، پاراستنی هەرێمی كوردستان، ئەركی سەرشانی گەنجان و لاوانی كوردە.
ئەو لە كۆبوونەوەكەدا باسی لە رۆڵی لاوانی كوردستان كرد لە نیَو لاوانی جیهاندا، هەروەها تیشكی خستە سەر ئەو پێشكەوتنانەی كە پێشمەرگەی كوردستان بەدەستی هێناون لە پاراستنی خاكی كوردستان و كەڕامەتی هاووڵاتیانی هەرێم بە هەموو پێكهاتەكانییەوە.
(فەلاح حەسەن) هەروەها باسی لە ئەرك و رۆڵی لاوانی كوردستان كرد لە پاراستنی ئەم ئەزموونە لە كوردستان و بۆ كۆنسووڵانی بیانی شی كردەوە كە گەنج و لاوی كورد هۆشیارە و بەرپرسیارەتیی نیشتمانی دەگرنە ئەستۆ.
دەشڵێت: "پێویستە خوێنی شەهیدانمان لە بیر بێت كە سەدان منداڵ و ئافرەت بێباوك و پیاو ماونەتەوە بۆ پاراستنی ئەم هەرێمە".
لە كۆتاییدا كۆنسووڵانی بیانی خوخۆشحاڵیی خۆیان نیشان دا كە لاوانی كوردستان رۆڵیان لە سیاسەتی لاوانی جیهاندا هەیە و باسیان لە رۆڵی چینی لاوان كرد لە خزمەتكردن و پێشخستنی وڵاتدا لە سەرتاسەری جیهاندا.




