تەقینەوەكەی ئانكارا و تازەترین زانیاری.. 30 كوژراو و 126 بریندار هەیە

ئانكارا-KDP.info- ئەمڕۆ نزیكەی سەعات 10ـی بەیانی، لە 2 تەقینەوەی جیاوازدا ئانكارا خەڵتانی خوێن كرا و 30 هاووڵاتی گیانیان لە دەست دا و 126ـی دیكەیش بریندار بوون.
بە گوێرەی ئەو زانیاریانەی كە لەلایەن وەزارەتی تەندروستیی توركیاوە بڵاو كراونەتەوە، تاوەكو ئێستا 30 هاووڵاتی كوژراون و 126ـیش بریندار بوونە، بەڵام رەنگە ژمارەی كوژراوان زیاد بكات، چونكە هەندێك لە برینداران برینەكەیان زۆر سەختە.
رۆژنامەنووس لە رۆژنامەی (حورییەت)ـی توركیا بە ناوی (دەنیز ئایكن) لەسەر ووداوەكە دەڵێت، رەنگە دەستی داعشی لە پشت بێت، چونكە داعش تەقینەوەی لەو شێوەیەی زۆر ئەنجام داوە و، پێشتریش لە دیاربەكر هەمان تەقینەوەی ئەنجام داوە.
هەروەها باسی لەوەیش كرد كە، لەو كاتەوەی توركیا چووەتە ناو ئەو هاوپەیمانەتییەی كە بۆ لێدانی گرووپی تیرۆریستیی داعش پێك هێنراوە، داعش بەردەوام هەڕەشەی كشانەوەی لە توركیا كردووە و داوای لێ كردەوە بكشێتەوە.
(دەنیز) ئاماژەی بۆ ئەوەیش كرد، پێویستە ئەوەیش بڵێین ئاساییشی توركیا كەمتەرخەم بووە و بەو جۆرە نەبووە كە بتوانێت رێگە لە تیرۆر بگرێت، بۆیە پێویستە لەو ڕووەوە بە جیددی لێكۆڵینەوە بكرێت، تا رووداوی دیكە روو نەدەن.
تەقینەوەكە لە شوێنێكی زۆر نزیك لە گردبوونەوەیەكی هەدەپە رووی داوە، كە لە كاتی شاییكردندا و پڕوپاگەندە بۆ هەدەپە تەقینەوەكە كراوە و، ئەوانەیشی كوژراون و بریندارن، زۆرێكیان لەناو ئەو شاییەدا بوونە.
وەزیری ناوخۆی توركیا، لە راگەیاندراوێكدا داوای لە هاووڵاتیان كرد كە نەیەنە شوێنی رووداوەكە، چونكە لە ئێستادا پۆلیس خەریكی لێكۆڵینەوەیە لە رووداوەكە و لە هەر زانیارییەكی تازەیشدا رای گشتیی توركیا ئاگادر دەكەنەوە. هەروەها هاووڵاتیانی توركیایشی دڵنیا كردەوە، كە خوێنی قوربانیان بە فیڕۆ ناڕوات و، باری ئاساییشی توركیایش زۆر ئاساییە و بە هیچ شێوەیەك پێویست بە دڵەڕاوكێ ناكات.
كۆنسووڵی گشتیی ئەمەریكا و بەریتانیا لە ئانكارا، بە توندی ئیدانەی ئەو كردەوە تیرۆرستییەیان كرد و پرسە و سەرەخۆشیی خۆیشیان بۆ خانەوادەی ئەو كەسانە نارد كە لەو تەقینەوەیەدا بوونەتە قوربانی.
هەر دوای تەقینەوەكە هەموو سەرۆكی پارتییەكانی توركیا ئیدانەی ئەو كردەوەیان كرد و بە توندی دژی وەستانەوە. سەرۆكی جەهەپە (كەمال كلیچدارئۆغلو) لە نووسینێكدا ئیدانەی ئەو كردەوەی كرد و گوتی، "توركیا شایەنی ئەو تابلۆیە نییە و ئێمەی زۆر نیگەران كرد، پێویستە بە زووترین كات تاوانباران بدۆزرێنەوە".
لە لای خۆیشییەوە هاوسەرۆكی هەدەپە (سەڵاحەددین دەمیرتاش) ئیدانەی ئەو كردەوەیەی كرد و بە كردەوەیەكی وەحشیگەرانەی وەسف كرد و گوتی، ئەم تەقینەوەیە لەو تەقینەوانە دەچێت كە لە پرسووس و دیاربەكر ئەنجام دران.
سەرۆكی حكوومەتی توركیا (ئەحمەد داوودئۆغلو)ـیش، لە بەرنامەیدا هەبوو سەردانی ئیستانبووڵ بكات و لەوێ میتینگێگ ئەنجام بدات، بەڵام دوای ئەوەی هەواڵی تەقینەوەكەی زانی، چوونی بۆ ئیستانبووڵ هەڵوەشاندەوە. هەر دوای تەقینەوەكەیش لەگەڵ سوپاسالاری توركیا و وەزیری ناوخۆی توركیا كۆ بووەوە و زانیاری لەسەر ئەو تەقینەوەیە وەرگرت.
تاوەكو ئێستایش هیچ لایەنێك تەقینەوەكەی لە ئەستۆ نەگرتووە، بەڵام شێوازی تەقینەوەكە بە كردەوەی گرووپی تیرۆریستیی داعش دەچێت. هەروەكو (دەمیرتاش)ـیش ئاماژەی بۆ كرد، بە هەمان شێوەیش لە پرسووس و دیاربەكر تەقینەوەیان ئەنجام داوە.
لە ئێستادا بارودۆخی ناو ئانكارا ئاڵۆزە، چونكە خەڵكێكی زۆر دەیانەوێت لە شوێنی رووداوەكە نزیك ببنەوە، بەڵام پۆلیسی توركیا رێگەیان لێ دەگرێت. زۆرێك لەو كەسانەیش بە دوای كەسە نزیكەكانی خۆیاندا دەگەڕێن، چونكە زۆرێك لەو كەسانە ون بوونە و زەنگی تەلەفۆنیشیان لێ دەدات.
زانیارییەكانیش ئەوە دەردەخەن كە ژمارەی كوژراون لە زیادبووندایە.
كارزان گلی




