٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
عێراقی و نێوده‌وڵه‌تی

ناتۆ هەڵسەنگاندن بۆ چالاكییە سەربازییەكانی ڕووسیا لە سووریا دەكات

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info-  بە گوێرەی ڕاپۆرتێكی (بی‌بی‌سی) وەزیرانی بەرگریی ناتۆ لە كۆبوونەوەدان بۆ هەڵسەنگاندنی دواچالاكییە سەربازییەكانی رووسیا لە سووریادا.


(جێنس ستۆڵتێنبێرگ) سكرتێری گشتیی ناتۆ گوتی، ئەو بە بایەخەوە دەڕوانێتە دۆخەكە و هەروەها نیگەرانە لەسەر بەكارهێنانی مووشەكی سەر كەشتی لەلایەن ڕووسیاوە، بەڵام ناتۆیش ئامادەیە بۆ بەرگریكردن لە هاوپەیمانەكانی لە ئەگەری هەر دۆخێكی نەخوازراودا. هەروەها داوایشی لە مۆسكۆ كرد پشتیوانییەكانی بۆ (بەشار ئەسەد) ڕابگرێت.

توركیا كە ئەندامی ناتۆیە دەڵێت، فڕۆكە جەنگییەكانی ڕووسیا ئاسمانی توركیا دەبەزێنن و ئەوەیش مەترسیی لێكەوتنەوەی توندوتیژیی لێ دەكرێت.
پەیامنێری (بی‌بی‌سی) لە مۆسكۆ، لەبارەی تازە چالاكییە سەربازییەكانی ڕووسیا لە ڕاپۆرتەكەدا دەڵێت، ڕووسیا دەیەوێت بە سیاسەتی ڕۆژئاوا لەمەڕ دۆخی سووریادا بڵێت ئێوە سەركەوتوو نەبوون و، هێزی دیكەیش هەن لە سووریادا كە دەبێت پشتیوانییان لێ بكرێت وەكو (بەشار ئەسەد).
هەروەها گوتیشی، ئەو مووشەكانەی دوێنێ چوارشەممە ڕووسیا بەكاری هێناون، هیچ گۆڕانكاریی لە دۆخی سەربازیدا دروست ناكەن، هەمان دەسكەوتیش لە ڕێگەی هێرشە ئاسمانییەكانەوە بەدەست دێت.

هەڵبەتە چالاكییە سەربازییەكانی ڕووسیا گومانیان بۆ ناتۆ و وڵاتانی ڕۆژئاوا دروست كردووە، بە تایبەتیش بەزاندنی سنووری ئاسمانی توركیا، لە كاتێكدا توركیا ئەندامی ناتۆیە و، ناتۆ بنكەی سەربازیی لەوێ هەیە.

وەزیرانی بەرگریی ناتۆ چاوەڕێدەكرێت لە كۆبوونەوەكەیاندا پشتیوانی بۆ توركیا دەرببڕن لە بەرانبەر هەر ئەگەرێكی نەخوازراو لەلایەن ڕووسیاوە لە ناوچەكەدا، هەروەها دەیانەوێت گوشاری زیاتر بخەنە سەر ڕووسیا لە ڕۆژهەڵاتی ئۆكڕانیا.

شیاوی باسە، دوێنێ چوارشەممە ڕووسیا لە دەریای قەزوینەوە چەند مووشەكێكی لەسەر كەشتییەوە لە دووریی نزیكەی (١٥٠٠ كیۆمەتر)ـوە بەرەو پێگەكانی داعش هەڵدا لە سووریا، ئەوەیش دەنگدانەوەییەكی نێودەوڵەتیی لێ كەوتەوە.

و/ خالید ئەحمەد
 

هەواڵی پەیوەندیدار