٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
عێراقی و نێوده‌وڵه‌تی

"بانێك و دوو هەوایە".. عەبادی و مالیكی لە بەرژەوەندیی یەكتر دەدەن

سەرچاوە: KDP.info

بەغدا -KDP.info-  ئەندامێكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەڵێ، نابێ (عەبادی) و (مالیكی) چاكسازییەكان بكەن بە ئامراز و ململانێی سیاسیی پێوە بكەن، ئەو گەندەڵیانەی لە كابینەكەی (مالیكی)ـیشدا كراون، هەر دەبێ بەر ئەم چاكسازیانە بكەون و لێیان دەكۆڵدرێتەوە.

(رێناس جانۆ) ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، بە ‌ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "حزبی دەعوە حزبێكی دێرینە و میژوویەكی كۆنی هەیە لە عێراقدا، بۆیە حزبێكی وەهایش بێگومان ململانێی توندی تێدا دەبێت لە نێوان سەركردەكانیدا، بەڵام ئەوەی ئێستا دەیبینین لە نێوان (حەیدەر عەبادی) و (نووری مالیكی)ـدا ڕوو دەدات، هێرشكردنەسەر یەكترە و لە بەرژەوەندیی یەكتر دەدەن. ئەو پاكێجە چاكسازییەی كە (عەبادی) بانگەشەی بۆ دەكات، ئێمە لە سەرەتاوە پێمان راگەیاند كە نابێ ئەم پاكێجە چاكسازییە ببەسترێتەوە بە بابەتی ململانێی سیاسیی لایەنەكان، جا چی ئەو ململانێیە لەناو ماڵی شیعی بێت یان ململانێی شیعە و سوننە بێت، یانیش حیساباتی حكوومەتی عێراق و هەرێمی كوردستان."

(جانۆ) ئاماژەیشی دا كە "نابێ (عەبادی) و (مالیكی) چاكسازییەكان بكەن بە ئامراز و ململانێی سیاسیی پێوە بكەن، هیچ گومانیشی تێدا نییە كە ئەو گەندەڵیانەی لە كابینەكەی (مالیكی)ـدا كراون، هەر دەبێ بەر ئەم چاكسازیانە بكەون و لێیان دەكۆڵدرێتەوە، ئەمەیش بەو واتایەیە كە لە بەرژەوەندییەكانی (نووری مالیكی) دراوە، بۆیە (مالیكی)ـیش بەرانبەر (عەبادی) وەستاوە و هەموو هەوڵێك دەدات."


ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق گوتیشی: "بانێك و دوو هەوایە، زۆر ئەستەمە حكومداری و دەسەڵاتداری لەم وڵاتە بكرێت، لەلایەكەوە لە حزبی دەعوە (مالیكی) دەسەڵاتدارە و لەملایشەوە (عەبادی) لە حكوومەتدا دەسەڵاتدارە، ئێمە لە سەرەتای دەست بەكاربوونی (عەبادی) گومانمان هەبوو كە دەست بە دوورخستنەوەی نەیارەكانی بكات، تەنانەت ئەگەر سەركردەی حزبەكەی خۆیشی بێت، بۆیە ئێستایش هەر لەو پێناوەدا كار دەكات كە (نووری مالیكی) ركابەری لە سەرجەم كایە سیاسییەكاندا دوور بخاتەوە."
راشیگەیاند كە "(مالیكی) زۆر دوودڵە، چونكە پۆستی سەرۆكوەزیرانی عێراقی لێ سەندراوە، بۆیە هەموو شەڕ و ململانێیەك دەكات بۆ ئەوەی پۆستی سەرۆكی حزبی دەعوەی لێ نەستێندرێت، ئەگەر پۆستی سەرۆكی حزبی دەعوە لە (مالیكی) بسەندرێتەوە، ئەوا دەكاتە كۆتاییهاتن بە داهاتوو و ململانێ سیاسییەكانی (مالیكی)."

سەرباز واحد
 

هەواڵی پەیوەندیدار