داعشە بیانییەكان لە هەڵاتن بەردەوامن.. ئەمڕۆیش 400 چیچانی ڕایان كرد

مووسڵ -KDP.info- تیرۆریستە بیانییەكانی ناو داعش ماوەیەكە دەستیان بە هەڵاتن كردووە و لە مووسڵەوە بەرەو سووریا ڕادەكەن، ئەمڕۆیش ژمارەیەكی دیكە هەڵاتوون. هاوكات هەر ئەمڕۆ تیرۆرستانی داعش لە مووسڵ 25 ئافرەتیان گولـلەباران كرد و كەسێكیشیان سەر بڕی.
بەرپرسی ڕاگەیاندنی لقی چواردەی پارتیی دیموكراتی كوردستان لە مووسڵ (سەعید مەموزینی) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی گوت: " ماوەیەكە چەكدارانی بیانیی ناو داعش لە شاری مووسڵ دەستیان بە راكردن كردووە و ئەمڕۆیش 400 چەكداری چیچانی نێو ریزی تیرۆریستانی داعشیان بەرەو سووریا و شاری رەققە بەجێ هێشت".
(مەموزینی) دەیشڵێت: "هەر ئەمڕۆ تیرۆریستانی داعش لە گەڕەكی گۆگجەلیل هاووڵاتییەكیان سەر بڕی بە تۆمەتی جنێودان بە ئەبوبەكر بەغدادی و، 25 ئافرەتیش لەبەر ئەوەی كە رەتی حیجابیان كردبووەوە، لە لایەن داعشەوە لە زیندانی كۆن لە باشووری مووسڵ گولـلەباران كران".
نەشوان بەرزنجی




