رێژەی كەسانی تووشبوو بە نەخۆشیی كۆلێرا، هەزار و 200 كەسی تێپەڕاندووە

بەغدا-KDP.info- سەرۆكی لیژنەی تەندروستی دەڵێ، بە گوێرەی دوائامار كە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستیی گشتیی عێراقەوە دەست كەوتووە، تا ئێستا رێژەی كەسانی تووشبوو بە نەخۆشیی كۆلێرا، هەزار و 200 كەسی تێپەڕاندووە.
(فارس بریفكانی) سەرۆكی لیژنەی تەندروستی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "بە گوێرەی دوائامار كە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستیی گشتیی عێراقەوە بە دەستم گەییشتووە، رێژەی كەسانی تووشبوو بە نەخۆشیی كۆلێرا هەزار و 200 كەسی تێپەڕاندووە، كە سەرچاوەی ئەم نەخۆشییە بریتییە لە ئاوی پیسبوو، خواردنی پیس یان خواردنی خێرای ناو بازاڕ كە رێنمایی تەندروستییان تێدا بەدی ناكرێت."
(بریفكانی) ئاماژەیشی دا كە "مەترسییەكە لەوەەدایە، نەخۆشیی كۆلێرا لە هەندێك پارێزگا بڵاو بووەتەوە كە هەرگیز ئەم نەخۆشییەی تێدا نەبووە، وەكو (دیالە، كەركووك و بەسرە)، بەڵام لە ئێستادا بە رێژەیەكی بەرچاو لە سەرجەم عێراق بڵاو بووەتەوە. ئەوەی ئێمەیشی تووشی شۆك كردووە ئەوەیە كە، رۆژانە زیاتر لە (100) كەس لە عێراق تووشی كۆلێرا دەبن."
سەرۆكی لیژنەی تەندروستی گوتیشی: "چوار لایەنی (وەزارەتی تەندروستیی عێراق و سەلامەتیی بەغدا و وەزارەتی شارەوانی و نیشتەجێكردن و وەزارەتی سامانی ئاوی) بەرپرسیارن كە ئاوێكی تەندروست بۆ هاووڵاتیانی سەرجەم عێراق دابین بكەن كە بەداخەوە دابینیان نەكردووە، تاكو ئێستاش تۆڕی ئاو لە زۆربەی ناوچە و شارەكانی عێراقدا بوونی نییە وەكو (پشتێنەی بەغدا و پارێزگاكانی خواروو و ناوەڕاستی عێراق) كە ئەو ئاوەی بەكاری دەهێنن پیس بووە بە پاشەڕۆ و زێرابەكان، بۆیە سەرچاوەی سەرەكیی تووشبوونی خەڵكی بە نەخۆشیی كۆلێرا، بریتییە لە ئاوی پیس و بەكتریای زیانبەخش."
دەشڵێت: "داوام لە سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەران كردووە كە پێویستە لە نزیكترین دانیشتنی ئەنجوومەنی نوێنەراندا هەر چوار لایەنی (وەزارەتی تەندروستیی عێراق و سەلامەتیی بەغدا و وەزارەتی شارەوانی و نیشتەجێكردن و وەزارەتی سامانی ئاوی) لێكۆلێنەوەیان لەگەڵدا بكرێت، چونكە تەشەنەكردنی نەخۆشییەكە بە شێوەیەكە مەترسیی لی َدەكرێت ببێتە هۆی مردنی سەدان و بگرە هەزاران كەس. بە راستی رەوشەكە لە كۆنتڕۆڵی حكوومەتی عێراق دەرچووە و حكوومەت بەو هەموو قەیران و شەڕەی كە هەیەتی، چۆن دەتوانێ تۆڕی ئاو دابین بكات، خۆ دەبوو پێشتر خەمیان لەم مەسەلەیە خواردبایە."
ئاماژەیشی دا كە "سوپاس بۆ خوا تاكو ئێستا هیچ حاڵەتێكی تووشبوون بە نەخۆشیی كۆلێرا لە هەرێمی كوردستان تۆمار نەكراوە، بۆیە دەستخۆشی لە سەرۆكی حكوومەت و وەزارەتی تەندروستی و سەرجەم دەستگا پەیوەندیدارەكان دەكەین."
سەرباز واحد




