داعش داوای چۆڵكردنی سێ گەڕەكی مووسڵی كردووە.. دەیانەوێت مینڕێژیان بكەن

مووسڵ-KDP.info- تیرۆریستانی داعش داوای چۆڵكردنی سێ گەڕەكی شاری مووسڵیان لە هاووڵاتیان كردووە تا مینڕێژیان بكەن، هەر ئەمڕۆیش داعش 16 چەكداری برینداری خۆی گولـلەباران كرد و 6 ئافرەتی گرووپی خەنسایش كوژران.
بەرپرسی ڕاگەیاندنی لقی چواردەی پارتیی دیموكراتی كوردستان لە مووسڵ (سەعید مەموزینی) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی گوت: "لە مووسڵ تیرۆریستانی داعش داوایان لە دانیشتووی هەرسێ گەڕەكی تەحریر، بەكر و ئەلرەشید كردووە گەڕەكەكانیان چۆڵ بكەن، چونكە دەیانەوێت مینڕێژیان بكەن".
(مەموزینی) دەیشڵێت: "هەر ئەمڕۆ تیرۆریستانی داعش 16 چەكداری برینداری خۆیان گولـلەباران كرد كە رەخنەیان لە چۆنیەتیی هەڵسوكەوتی داعش لەگەڵ بریندارەكان گرتبوو و، لە گەڕەكی وادی عەگابیش تەقە لە بارەگایەكی گرووپی خەنسای داعش كرا و 6 ئافرەتی داعش كوژران".
نەشوان بەرزنجی




