٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
عێراقی و نێوده‌وڵه‌تی

شیعەكان بە بەردێك دوو چۆلەكە دەكوژن.. مەترسییەكی گەورە لەسەر كورد و سوننە هەیە

سەرچاوە: KDP.info

بەغدا-KDP.info- ئەندامێكی لیژنەی بەرگری لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ئاشكرای دەكات، شیعەكان بە هاوكاریی حەشدی شەعبی، دژی كورد و سوننە پیلان دادەنێن و لە چەندین شاری ئازادكراویشدا رێگە بە گەڕانەوەی ئاوارە سوننەمەزهەبەكان نادەن كە زۆربەی هەرەزۆریان ڕوویان لە شاری كەركووك و ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم كردووە، ئەمەیش مەترسییەكی زۆر گەورەیە لەسەر داهاتووی ئەو ناوچانە و، دیمۆگرافیاكەی دەگۆڕن.

(شاخاوان عەبدوڵڵا) ئەندام لە لیژنەی ئاساییش و بەرگری لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عیراق، بە ماڵپەڕی‌ فەرمیی پارتیی‌ دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "دوای ئەوەی تیرۆریستانی داعش دەستیان بەسەر چەند پارێزگایەكی عێراقدا گرت و پاشان لەلایەن سوپای عێراق و چەكدارانی حەشدی شەعبییەوە ئازاد كرانەوە، بەڵام چەكدارانی حەشدی شەعبی لە پارێزگای دیالە و سەڵاحەددین و چەندین شاری دیكە، هەوڵی گۆڕینی دیمۆگرافیای ناوچەكان دەدەن و رێگە بە گەڕانەوەی ئاوارە سوننەمەزهەبەكان نادەن بچنەوە ناوچەكانیان".
(عەبدوڵڵا) گوتیشی: "جگە لە عەرەبی سوننە، ئێمەیش وەكو كورد زەرەرمەندین لەو بابەتە، چونكە ئاوارەكانی ئەو شارانەی كە حەشدی شەعبی رێگە بە گەڕانەوەیان نادات، زۆربەی هەرەزۆریان ڕوویان لە شاری كەركووك و ناوچە كوردستانییەكان كردووە، ئەوەیش مەترسییەكی گەورەیە لەسەر داهاتووی ئەو ناوچانە و، دیمۆگرافیاكەی دەگۆڕن".
ئەو ئەندامەی لیژنەی ئاساییش و بەرگری جەتیشی كردەوە كە، تەیاری شیعی بە بەردێك دوو چۆلەكە دەكوژن، لەلایەك ناوچە سونییەكانی وەك حوزێم و ئیمتیدادی دیالە و چەندین ناوچەی دیكە ئازاد كراون و رێگە بە گەرانەوەی خەڵكەكەی نادەن كە سوننەن، بەمەیش ئامانجەكەیان دەپێكن و ئەو ناوچانە لە سوننە پاك دەكەنەوە، لە لایەكی دیكەوە شیعەكان دەیانەوێت ئەم ئاوارانە هەر لە كەركووك و ناوچە كوردستانییەكانی دیكە بمێننەوە، بۆ ئەوەی  لە داهاتوودا لە كاتی ئەنجامدانی ریفراندۆمدا رێژەی عەرەب لەو ناوچانە زیاتر بێت لە رێژە ئاساییەكەی خۆی، بۆیە مەترسییەكی گەورە لەسەر كورد و سوننە هەیە".
دەشڵێت: "سوننەكان لە ئەنجوومەنی نوێنەران ناڕەزایەتییان دەربڕیوە لەبارەی ئەم كردەوانەی حەشدی شەعبی، بۆیە پێویستە ئێمەی كوردیش هەڵوێست وەربگرین لەسەر ئەم مەترسییە گەورەیە و هەر ناوچەیەك ئازاد كرا، ئاوارەكانی ئاگادار بكەینەوە و پێیان بڵێن كە دەبێ لە ماوەی چەند رۆژێكی دیاریكراودا بگەڕێینەوە شارەكەیان، بەمەیش حكوومەتی عێراق دەكەوێتە ژێر گوشارەوە و كار لەسەر وەستاندنی ئەم پیلانەی حەشدی شەعبی دەكات".
سەرباز واحد

هەواڵی پەیوەندیدار