٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
عێراقی و نێوده‌وڵه‌تی

چەندین داتا لەبارەی گەندەڵیی حكوومەتی عێراقەوە دەخرێنە روو

سەرچاوە: KDP.info

بەغدا-KDP.info- ئەندامێكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە لیژنەی نەزاهە ئاشكرای دەكات، لە ساڵی ٢٠٠٣ـوە تاكو ئێستا، عێراق بە گەندەڵی بەڕێوە چووە و، نزیكەی (١٣٠- ١٤٠) هەزار موڵكی دەسەلاتدارانی بەعس دەستی بەسەردا گیرابوو، كەچی تەنیا یەك موڵكیش لەمانە هێشتا هیی حكوومەت نییە و فەرمانگەكانی لە خانووی كرێدان.

(د. ئەردەلان نوورەدین) ئەندامی كورد لە لیژنەی نەزاهەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، بە ماڵپەری فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "پاش كوبوونەوەمان لەگەڵ چەند بەرپرسێكی وەزارەتی دادی عێراق، بۆمان دەركەوت بەداخەوە ئەم وڵاتە لە ٢٠٠٣ـوە تاكو ئێستا بە گەندەڵی بەڕێوە چووە، نزیكەی (١٣٠- ١٤٠) هەزار موڵكی دەسەڵاتدارانی بەعس دەستی بەسەردا گیرابوو، كەچی تەنیا یەك موڵكیش لەمانە هێشتا هیی حكوومەت نییە و فەرمانگەكانی لە خانووی كرێدان، جگە لەمە نزیكەی (٢٠ هەزار) تاپۆی هاووڵاتیان ساختە كراوە، گرفتەكەیش ئەوەیە نازانرێت لێكوڵینەوە دەبێت لەگەل كێ و لەگەڵ چەند تومەتباردا بكرێ و كەی تەواو دەبێت! هەروەها مامەڵەی كۆنی هاووڵاتیان بزر دەكرێت و مامەڵەی نوێ بە ناوی كەسانی دیكەوە دروست دەكرێت، لەوەیش كارەساتتر، هەموو دۆسیەكانی موڵكی هاووڵاتیان (دۆسیەی هەڵگیراو لە ناوەند) لەگەڵ هاوردەكان كە تا ٢٠١٢ تۆمار كراون لە یەك هۆڵ و لە یەك بینایەدا هەڵگیراون و ترسی سووتانیان هەیە لە هەر كات و ساتێكدا، جگە لەوەیش ( ٤٩٧) دۆسیەی ساختە لەسەر فەرمانبەران لە دادگاكانە و تا ئێستا ساخ نەبوونەتەوە، تەنیا لە شاری نەجەفیش (٨٣٧) موڵك تاپۆكەیان ساختە كراوە".
ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق گوتیشی: "حكوومەتەكەی (مالیكی) بڕیارێكی دەركردبوو لە ٢٠١٣ كە هەر هاووڵاتییەك تەنیا دەتوانێ سوود لە یەك خانووی داگیركراوی بەعسییەكان ببینێت و بە ناوی خویەوە تۆماری بكات، كەچی تەنیا بەرپرسەكان دەستیان بەسەردا گرتوون و بە ناوی خزم و كەسانیانەوە كردوون، بۆیە بڕیار درا ئەم فەرمانە بوەستێنرێت".
(د. ئەردەلان ) ئاماژەیشی دا: "كە ئەو كارەساتەم بینی، زۆر نیگەران بووم و داوای هەندێك رێكاری بەپەلەم كرد، لەوانە بانگهێشتكردنی وەزیری داد بۆ ئەوەی شوێنێكی پارێزراو بو دۆسیەی موڵكی هاووڵاتیان بدۆزرێتەوە جا لە بانكی ناوەندی بێت یاخود هەماهەنگی لەگەڵ شوێنێكی دیكەدا بكەین وەكو هەرێم بۆ پاراستنیان، چونكە مافی هاووڵاتیانە، هەروەها داوامان كرد تۆماری بنەڕەتیی تەجلید بكرێت تا پەڕاوەكانی چیتر ساختە نەكرێت".

نەشوان بەرزنجی

هەواڵی پەیوەندیدار