150 داعش كوژران و بەرپرسی دیوانی مزگەوتەكانی مووسڵیشی تێدایە

مووسڵ-KDP.info- سەرچاوەیەكی ئاگادار لە رەوشی شاری مووسڵ رایگەیاند، ئەمڕۆ 94 لاشەی تیرۆریستانی داعش گەڕایەوە مووسڵ و 5 ئافرەتی گرووپی خەنسایش كوژران، لەگەڵ 51 تیرۆریستی دیكە كە (حاجی ئەحمەد ئەبوعەلا)ـی بەرپرسی دیوانی مزگەوتەكانی مووسڵیشی تێدایە.
(سەعید مەموزینی) بەرپرسی ڕاگەیاندنی لقی چواردەی پارتیی دیموكراتی كوردستان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی گوتی: "ئەمڕۆ 94 تەرمی داعش گەڕانەوە نەخۆشخانەكانی شاری مووسڵ كە بە دەستی هێزی پێشمەرگەی كوردستان و بۆردوومانی فڕۆكە جەنگییەكانی هاوپەیمانان كوژراون، لە گەڕەكی مەسارفیش لە رۆژهەڵاتی مووسڵ، تەقە لە بارەگایەكی تیرۆریستانی داعش كرا و 5 ئافرەتی گرووپی خەنسا كوژران".
(مەموزینی) گوتیشی: "بە هۆی هێرش و بۆردوومانی فڕۆكەی هاوپەیمانان بۆ سەر بارەگایەكی تیرۆریستانی داعش لە گەڕەكی پیشەسازیی نێو شاری مووسڵ، 51 تیرۆریستی داعش كوژران كە (حاجی ئەحمەد ئەبوعەلا)ـی بەرپرسی دیوانی مزگەوتەكانی مووسڵی تێدایە".
نەشوان بەرزنجی




