ئاکەپە چۆن باسی پرسی قۆناغی چارەسەری کرد
__2015_10_04_h17m2s31__LB.jpg)
ئانكارا-KDP.info- ئەمڕۆ بە ئامادەبوونی سەدان کەس لە لایەنگرانی ئاکەپە، سەرۆکی ئاکەپە (ئەحمەد داودئۆغڵو) کارنامەی هەڵبژاردنی پێشوەختەی خوێندەوە، کە لەوێدا باسی لە پرسی قۆناغی چارەسەری کرد و بە پرسێکی گرینگی بۆ تورکیا ناو برد.
(داودئۆغڵو) لە بارەی پرسی قۆناغی چارەسەرییەوە ئاماژەی دا کە ئەوان بەڵێن دەدەن تورکیا ئارامی بە خۆیەوە ببینێت و، پرسی قۆناغی چارەسەرییش لە لای ئەوان کۆتایی نەهاتووە، بەڵکو ئەو پرسە گرینگی خۆی هەیە بۆ تورکیا و باشیش بەڕێوە دەچوو، بەڵام پەکەکە ئەو پرسەی لەبار برد.
ئەو ئاماژەی بۆ ئەوە کرد کە ئەوان ئامادەن ئەو پرسە زیاتر بەرەوپێشەوە ببەن و ئازادی و دیموکراتی زیاتر بۆ خەڵک فەراهەم بکەن، بەڵام پەکەکە پرسی قۆناغی چارەسەری پێ هەزم نەکرا، بۆیە شەڕی هەڵگیرساند و ئەو پرسەی ڕاوەستاند.
وەکو وەڵامێکیش بۆ سەرۆکی پارتی مەهەپە (دەوڵەت باخچەلی) کە لە کارنامەی ئەو پارتەدا کە دوێنێ خوێندرایەوە و هێرشی کردە سەر پرسی قۆناغی چارەسەری و گوتی ئێمە ئەو پرسە لەناو دەبەین، بەڵام (داودئۆغڵو) بە توندی وەڵامی (باخچەلی)ـی دایەوە و گوتی ئەگەر تۆ ئەو پرسە لەبار دەبەیت، ئێمە وەکو ئاکەپە دەستی پێدەکەینەوە.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا باسی لە چەند پڕۆژەیەکی گرینگی پارتەکەیان کرد، کە ئەگەرهاتو توانییان بە تەنیا حکوومەت پێک بهێنن، ئەو پڕۆژانە دەچنە بواری جێبەجێکردنەوە. هەروەها پارتە ئۆپۆزسیۆنەکانی تۆمەتبار کرد بەوەی نەهاتنە ناو حکوومەتی هاوپەیمانییەوە، بۆیە ناچار چووینە ناو هەڵبژاردنی پێشوەختەوە و ئەگەر ئەوان بهاتبانە ناو حکوومەتی هاوپەیمانییەوە، ئەوکات پێویستمان بە هەڵبژاردنەوە نەدەبوو.
کارزان گلی




