ئەمڕۆ ئاكەپە كارنامەی هەڵبژاردن بۆ رای گشتی ئاشكرا دەكات

ئانكارا-KDP.info- پاش كەمێكی دیكە پارتیی داد و گەشەپێدان "ئاكەپە"، كارنامەی هەڵبژاردنی پێشوەختە دەخوێنێتەوە و چاوەڕوانیش دەكرێت لە كارنامەكەدا تیشك بخرێتە سەر پرسی قۆناخی چارەسەری.
"ئاكەپە" ئەمڕۆ كارنامەی هەڵبژاردنی لەلایەن سەرۆكی پارتییەكە (ئەحمەد داوودئۆغلو)ـەوە دەخوێندرێتەوە و چاوەڕوانیش دەكرێت لە كارنامەكەدا باس لە زۆر شتی گرینگ بكات كە پەیوەندی بە ژیانی خەڵكەوە هەیە.
(شەریف ماڵكۆچ) بەرپرسی هەڵبژاردنەكانی "ئاكەپە" لە گوتەیەكیدا بۆ (سی ئێن ئێن)ـی توركیا ئاماژەی دا كە، ئەوان تیشك دەخەنە سەر ئەوەی بەردەوام دەبن لەسەر شەڕكردن دژی پەكەكە تا ئەوكاتەی چەك دادەنێن. هەروەها باسی لەوەیش كرد كە پرسی قۆناخی چارەسەرییش باسی لێوە دەكرێت و هەموو هەڵَێكیشیان بۆ ئارامی توركیایە.
هەروەها بەشێكی كارنامەكە باس لە چەند پڕۆژەیەكی گرینگ دەكات بۆ توركیا و ئەگەر ئەوان بە تەنیا بێنە سەر دەسەڵاتەوە، دەتوانن چەند پڕۆژەیەكی گەورە ئەنجام بدەن.
بڕیارە پاش كەمێكی دیكە (داوودئۆغلو) كارنامەی هەڵبژاردن بخوێنێتەوە و، بەمەیش هیچ پارتیێك نامێنێتەوە كە كارنامەی خۆی نەخوێندبێتەوە و هەموو پارتییەكان كارنامەی هەڵبژاردنیان خوێندووەتەوە.
كارزان گلی




