12 كەس خۆیان پاڵاوتووە.. سبەی پارێزگاری نوێی نەینەوا هەڵدەبژێردرێت

مووسڵ-KDP.info- ئەندامێكی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا دەڵێت، بڕیارە سبەی دووشەممە ئەنجوومەنی پارێزگا كۆبوونەوەی خۆی ئەنجام بدات و تێیدا دەنگ لەبارەی پارێزگاری نوێوە بدرێت.
(روقیە محەممەد ساڵح) ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا لەسەر لیستی برایەتی و پێكەوەژیان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "بڕیار بوو ئەمڕۆ كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگا تایبەت بە هەڵبژاردنی پارێزگاری نوێ ساز بكرێت، بەڵام بۆ سبەی دووشەممە دوا خرا كە سەعات 11ـی پیشنیوەڕۆ ئەنجام دەدرێت و تا ئێستایش 12 كەس خۆیان بۆ پۆستی پارێزگاری نوێی نەینەوا پاڵاوتووە و گشتیان لە پێكهاتەی عەرەبن".
(روقیە) گوتیشی: "وەكو لیستی برایەتی و پێكەوەژیان ئەمڕۆ كۆبوونەوەیەك ئەنجام دەدەین و تێیدا گفتوگۆ لەبارەی ئەو بابەتانەوە دەكەین كە دێنە پێشەوە، چونكە هەندێك كەس لەم 12 كەسەی پاڵێوراون، لەوانەیە شاییستەی ئەوە نەبن هەڵبژێردرێن".
نەشوان بەرزنجی




