ئایا ئاكه‌په ده‌توانێت به ته‌نیا حكوومه‌ت پێكبهێنێت؟

ئیستانبووڵ-KDP.info- به گوێره‌ی ئه‌و راپرسیانه‌ی له 10 رۆژی رابردوودا له توركیا ئه‌نجام دراون، پارتیی ده‌سه‌ڵات 'ئاكه‌په'، گۆڕانكارییه‌كی ئه‌وتۆ له ده‌نگه‌كانیدا روو نادات. له هه‌ندێك راپرسیدا 2%ی ده‌نگه‌كانی زیادی كردووه و له هه‌ندێكیشیاندا 1% كه‌می كردووه. به‌مه‌یش دووباره ئاكه‌په ناتوانێت به ته‌نیا حكوومه‌ت پێكبهێنێته‌وه.
وه‌زیری پێشووی دادی توركیا (به‌كر بۆزداغ) له دیمانه‌یه‌كیدا بۆ كه‌ناڵی (A haber) ئاماژه‌ی دا كه، پارته‌كه‌یان چه‌ندین راپرسی ئه‌نجام داون و، تێیاندا ده‌ركه‌وتووه، ئاكه‌په 44%ی ده‌نگه‌كان ده‌هێنێت، به مه‌یش ده‌توانین به ته‌نیا حكوومه‌ت پێكبهێنین.
به‌ڵام كۆمپانیای (كۆندا) بۆ راپرسی، به‌پێچه‌وانه‌ی (بۆزداغ) قسه ده‌كات، به‌پێی ئه‌و راپرسییه‌ی ئه‌نجامی داوه، ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خته گۆڕانكارییه‌كی ئه‌وتۆی تێدا به‌دی ناكرێت و، تابلۆكه، هه‌مان تابلۆی 7ی حوزه‌یرانه، ته‌نیا هه‌ده‌په له چه‌ند شوێنێك ده‌نگی زیاد ده‌كات.
كۆمپانیای (ئیسۆس) بۆ راپرسی كه له 50 شاری توركیا راپرسی ئه‌نجام داوه و ئه‌نجامه‌كه‌شی تا ئاستێك له به‌رژه‌وه‌ندیی ئاكه‌په‌یه، به‌ڵام هه‌ر به ته‌نیا ناتوانێت به ته‌نیا حكوومه‌ت پێك بهێنێت. به گوێره‌ی ئه‌نجامی ئه‌و راپرسییه بێت، ئاكه‌په 2%ی ده‌نگه‌كانی زیاد ده‌كات. واته له 40.8%ه‌وه ده‌بێت به 42.8% ئه‌م رێژه‌یه‌ش به‌س نییه بۆ ئه‌وه‌ی ئاكه‌په به ته‌نیا حكوومه‌ت پێكبهێنێت.
ئاكه‌په بۆ ئه‌وه‌ی بتوانێت به ته‌نیا حكوومه‌ت پێكبهێنێت، پێویستی به 44%ی ده‌نگه‌كان هه‌یه، چونكه به‌و رێژه‌یه ده‌توانێت 276 كورسیی په‌رله‌مانی مسۆگه‌ر بكات و، به ته‌نیا ببێته‌وه به پارتیی ده‌سه‌ڵات. به‌ڵام زۆرێك له چاودێرانی سیاسی و كۆمپانیا راپرسییه‌كان پێیان وایه، ئه‌سته‌مه ئاكه‌په بتوانێت به ته‌نیا حكوومه‌ت پێكبهێنێت.
سه‌رۆكوه‌زیرانی توركیا (ئه‌حمه‌د داوودئۆغلو) له دیمانه‌یه‌كیدا بۆ كه‌ناڵ 7ی توركیا، ئاماژه‌ی دا، ئه‌وان دڵنییان له‌وه‌ی ده‌نگه‌كانیان زیاد ده‌كات و، به ته‌نیا حكوومه‌ت پێك ده‌هێنن. له وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره‌یشی كه ئایا له ناوچه كوردییه‌كان ده‌نگتان زیاد ده‌كات؟ ئه‌و وه‌ڵامی دایه‌وه به‌وه‌ی جیاوازی ناكه‌ن له نێوان ده‌نگده‌ری كورد و توركدا، بۆ ئه‌وان هه‌موو پێكهاته‌كان وه‌كو یه‌ك وان، به‌ڵام ئه‌گه‌ر بڵێی له ناوچه‌ی رۆژهه‌ڵات و باشووری رۆژهه‌ڵات ده‌نگتان زیاد ده‌كات، ده‌ڵێم به‌ڵی ده‌نگمان له‌و ناوچانه له زیادبوونه.
هه‌موو هه‌وڵێكی ئاكه‌په بۆ ئه‌وه‌یه كه هه‌ده‌په نه‌توانێت به‌ربه‌ستی هه‌ڵبژاردن بشكێنێت و بكه‌وێته ژێر 10%، به‌ڵام راپرسییه‌كان به هیچ شێوه‌یه‌ك باس له كه‌مبوونه‌وه‌ی ده‌نگه‌كانی هه‌ده‌په ناكه‌ن، ئاكه‌په‌یش ئه‌و راستییه‌ی بۆ ده‌ركه‌وتووه كه هه‌ده‌په به ئاسانی ده‌توانێت به‌ربه‌ستی هه‌ڵبژاردن بشكێنێت، بۆیه ده‌یه‌وێت ده‌نگه ئه‌مانه‌ته‌كانی لێ وه‌ربگرێته‌وه كه توركه‌كان به‌و پارتییه‌یان دابوو. هه‌روه‌ها كار ده‌كات بۆ ئه‌وه‌ی 2%ی ده‌نگه‌كانی مه‌هه‌په بۆ خۆی رابكێشێت، چونكه هه‌ڵوێسته‌كانی مه‌هه‌په دوای هه‌ڵبژاردنی 7ی حوزه‌یران زۆر توند بوو و ته‌نانه‌ت ده‌نگده‌ری خۆیشی لێی ناڕازی بوون، به‌تایبه‌ت كاتێك وه‌كو دوژمن سه‌یری هه‌ده‌په‌ی كرد.
كه‌مبوونه‌وه‌ی ده‌نگی مه‌هه‌په له هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خته‌ی توركیا تا ئاستێكی زۆر واقیعییه، چونكه بنكه‌ی جه‌ماوه‌ری ئه‌و پارته له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دابوون كه له‌گه‌ڵ ئاكه‌په حكوومه‌تی هاوپه‌یمانی پێكبهێنن، به‌ڵام مه‌هه‌په پێشمه‌رجه‌كانی زۆر دوور بوون له واقیع، بۆیه ئاكه‌په نه‌یتوانی رێككه‌وتنی له‌گه‌ڵدا بكات، ئه‌مه‌یش وای كرد مه‌هه‌په له رووی جه‌ماوه‌رییه‌وه شكست بهێنێت. ئه‌مه‌یش چه‌ند كۆمپانیایه‌كی راپرسی ده‌ریانخستووه.
به گوێره‌ی ئه‌و راپرسییه‌ی (ئیسۆس) ئه‌نجامی داوه، خه‌ڵك متمانه‌ی به (ده‌وڵه‌ت باخچه‌لی) نه‌ماوه و پێیان وایه كه ئه‌و سه‌رۆكه ناتوانێت به‌م هه‌ڵوێستانه‌ی كه هه‌یه‌تی، ئیداره‌ی وڵات بكات، بۆیه پێیان باش نییه ده‌نگی پێ بده‌ن.
هه‌ر نیگه‌رانییه‌كیش له بنكه‌ی جه‌ماوه‌ریی مه‌هه‌په روو بدات له به‌رژه‌وه‌ندیی ئاكه‌په‌یه، چونكه ده‌نگده‌ری مه‌هه‌په به هیچ شێوه‌یه‌ك ده‌نگ به هه‌ده‌په ناده‌ن، به‌ڵام ئاماده‌ن له بری مه‌هه‌په ده‌نگ به ئاكه‌په بده‌ن، كه به گوێره‌ی زانیارییه‌كان 2%ی ده‌نگده‌ری مه‌هه‌په له پارتییه‌كه‌یان نیگه‌رانن.
راپۆرتی كارزان گلی




