پەرلەمانەکەی رازی بوو، ڕووسیا بە هێزی سەربازییەکەی پشتیوانی لە ئەسەد بکات

مۆسکۆ-KDP.info- پەرلەمانی ڕووسیا داواکەی (ڤلادیمێر پۆتین) سەرۆکی ڕووسیای پەسند کرد بۆ ئەنجامدانی ئۆپۆراسیۆن لەدەرەوە و، بەکارهێنانی هێز بۆ یارمەتیدانی حکوومەتی سووریا لە شەڕی داعشدا.
بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی (دەنگیئەمەریکا)، گوتەبێژێکی حکوومەتی ڕووسیا لەوبارەیەوە گوتوویەتی، ئەو یاساییەی کە پەسند کرا لەبارەی بەکارهێنانی هێزی ئاسمانییە لە سووریادا.
زیادکردنی ڕۆڵی ڕووسیا لە سووریا بەئاشکرایی باس دەکرێت و لەوبارەیەوە (پۆتین)یش نکۆڵی نەکردوە و، لەمیانەی کۆبونەوەکانی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکاندا گوتی، حکوومەتی (بەشار ئەسەد) شەڕی تیرۆریزم دەکات و، تاکە هێزی شەرعییە کە شەڕی داعش لە ناوچەکەدا دەکات و، ڕەخنەی لە ڕۆژئاوایش گرت کە یارمەتیی ئۆپۆزسیۆن دەدەن، کەچی هێزەکانیان دەچنە پاڵ ڕێکخراوی تیرۆریستی داعشەوە.
شیاوی باسە، چەند حەفتەیەک دەبێت ڕووسیا هەوڵەکانی بۆ دروستکردنی بنکەی سەربازی و، ناردنی سەرباز و کەلوپەلی سەربازی بۆ سووریا خستووەتە گەڕ و، هەنگاوەکانی بۆ یارمەتی و پاڵپشتیی حکوومەتی (بەشار ئەسەد) خێراتر دەکات، لەبەرانبەردا ئەمەریکا و وڵاتانی ڕۆژئاوا کاردانەوەیەکی خێراییان نییە.
ئەگەرچی ڕووسیا بە بیانووی شەڕی داعشەوە دەستێوەردانەکانی زیاد کردووە، پێداگیری لەسەر مانەوەی (ئەسەد) لە دەسەڵاتدا دەکات، بەڵام (باراک ئۆباما) سەرۆکی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لەمیانەی کۆبوونەوەکانی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکاندا گوتی، شكستپێهێنانی داعش بە سەرۆکێکی نوێ و حکوومەتێکی تایبەتمەند ئەنجام دەدرێت کە بتوانێت سووریاییەکان یەکبخات و کۆیانبکاتەوە بۆ شەڕکردنی دژی داعش.
هەروەها بەپێی ڕاپۆرتەکە وەزیری بەرگریی ئەمەریکا ستافی پنتاگۆنی ڕاسپاردووە کە پەیوەندی لەگەڵ ڕووسیادا بگرن سەبارەت بە چالاکییەکانی هاوپەیمانان لە ناوچەکەدا، نەوەکو هەڵەیەک ڕوو بدات لەنێوان هێزی هاوپەیمانان و هێزەکانی رووسیادا لە ناوچەکە.
و/ خالید ئەحمەد




