٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
عێراقی و نێوده‌وڵه‌تی

'عەبادی كه‌ باس لە نەناردنی بوودجەی هەرێم دەكات، بۆ شاردنەوەی شكستەكانی چاكسازییە'

سەرچاوە: KDP.info

بەغدا-KDP.info- ئەندامێكی كورد لە لیژنەی دارایی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەڵێت، سەرۆكوەزیرانی عێراق بە یاسا و دەستوورەوە پابەند نییە و، لەگەڵ هەرێمی كوردستانیشدا هاریكار نییە؛ هەڵبەت لە دەستووری عێراقدا وەهایە كە هەر هەرێمێك لە عێراق بەپێی ژمارەی دانیشتووانی بەشی خۆی پێ دەدرێت، بەڵام ئەو پرەنسیپە پێڕۆ ناكات.

ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق (سەرحان ئەحمەد سلێڤانەیی) بە ماڵپەری فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانـی راگەیاند: "(عەبادی) پابەند بە هیچ یاسا و دەستوورەوە نەبووە و هیچ هاریكار نییە لەگەڵ هەرێمی كوردستاندا، ئەمەیش بە بەڵگەی ئەوەی لە بوودجەی 2015ـی عێراقدا كە پشكی هەرێم 17 لەسەد بوو، بەڵام حكوومەتی عێراق یەك ترلیۆنی بە تەواوی نەنارد بۆ هەرێمی كوردستان، سەرباری ئەمانەیش حكوومەتی هەرێم بە پابەند نەبوون تۆمەتبار دەكەن".

ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق‌ گوتیشی: "حكوومەتی عێراق لە كێشەی زۆر گەورەدایە، بۆ نموونە كێشەی كۆمەڵایەتی و سیاسی و ئابووری، ئەو چاكسازییەیش كە سەرۆكوەزیران كردی، هیچی جێبەجێ نەكردووە و جێبەجێیشیان ناكات، هەروەها كەسێكیش نییە لە لایەنی شیعە هاوكاری لەگەڵ لایەنە سیاسییەكاندا بكات، كە ئەمانەیش جێ بەجێ نابن، ئەوكاتە عێراق لە بارێكی باشدا نابێت لە بەرانبەر داواكانی گەلی عێراقدا".

(سلێڤانەیی) ئاماژەیشی دا: "ئەوان كە هیچ شتێكیان پێ ناكرێت، دێن لێدوان دەدەن بەوەی بوودجەی هەرێم نانێرن، ئەمە بەڵگەی ئەوەیە كە لاوازن و چاكسازییەكانیان نەگەییشتووەتە هیچ قۆناخێك، ئەو هەڵانەی هەیشیانە بەم لێدوانانە دەیانشارنەوە".

دەشڵێت: "لە دەستووری عێراقدا هاتووە كە، هەر هەرێمێك لە عێراق بەشی خۆی بوودجەی پێ دەدرێت بەپێی ژمارەی دانیشتووانی، پشكی هەرێمیش 17 لەسەدە كە لە ماددەی (21) بڕگەی (3)ـدا هاتووە، بەمەیش نە خێرمان پێ دەكەن نە منەتیش دەبێت، چونكە هەرێمی كوردستان ‌تا ئێستا بەشێكە لە عێراق و بەشداری حكوومەت و پەرلەمانە لە رووی سیاسی و ئابووری و... هتد".


نەشوان بەرزنجی

هەواڵی پەیوەندیدار