گەندەڵییەكی یەكجار زۆر لە عێراقدا كراوە.. هیچ بەرپرسێكی كورد تۆمەتبار نییە

بەغدا-KDP.info- ئەندامێكی لیژنەی نەزاهە لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەڵێت، گەندەڵییەكی زۆر لە عێراقدا كراوە، بەڵام لە ئێستادا هەوڵێكی بەهێز هەیە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی، بە جۆرێك كەس ناتوانێ بەرگری لە گەندەڵكاران بكات، چونكە شەقام دژیانە.
ئەندامی لیژنەی نەزاهە لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق (ئەردەلان نوورەدین) بە ماڵپەری فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "گەندەڵییەكی زۆر لە عێراقدا كراوە و لە ئێستادا ژمارەیەكی زۆری دۆسیەی گەندەڵییش لە بەردەستماندان، بە جۆرێك فەرمانبەر لە بانكی ناوەندی هەبووە ٧٠ ملیار دیناری دزیوە و بەرەو دەرەوەی وڵات رای كردووە، كە تاوەكو ئێستایش دەستگیر نەكراوە و زۆر نموونەی دیكەیش هەن".
(ئەردەلان) گوتیشی، پێشتر پشتگیری لە گەندەڵكاران دەكرا، بەڵام لە ئێستادا هەوڵێكی بەهێز هەیە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵكاران و كەس ناتوانێ بەرگرییان لێ بكات، چونكە ئەم جارە شەقام دژیانە، ئەمەیش لە چوارچێوەی ئەو پرۆسەی چاكسازیەدایە كە سەرۆكوەزیران دەستی پێكردووە بۆ چاكسازی و نەهێشتنی گەندەڵی.
ڕوونیشی كردەوە كە، تاوەكو ئێستا هیچ بەرپرسێكی كورد لە حكوومەتی عێراق بە گەندەڵی تۆمەتبار نەكراوە و هیچ دۆسیەكیشیان لە دادگا نییە.
بڵند ئیبراهیم




