٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
عێراقی و نێوده‌وڵه‌تی

باسكردن لە هەمواركردنەوەی دەستوور، شاردنەوەی شكستەكانی حكوومەتی عێراقە

سەرچاوە: KDP.info

بەغدا-KDP.info- پەرلەمانتارێكی كورد لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەڵێت، باسكردن لە هەمواركردنەوەی دەستوور بۆ شاردنەوەی شكستەكانی حكوومەتی عێراقە. ئەگەریش سێ پارێزگا دژی هەمواركردنەوەكە بە "نەخێر" دەنگ بدەن، ئەوا ئەو كاتە هەمواركردنەوەكە قبووڵ ناكرێت.

(د. ئەشواق جاف) ئەندامی كورد لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، بە‌ ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "ئەم دەستوورەی عێراق كە هەندێك دەنگ بەرز بوونەتەوە و دەڵێن هەمواری بكەینەوە یاخود هەڵبوەشێتەوە، هەمان ئەوانەن كە دەنگیان بەم دەستوورە داوە، ئەمەیش هەمووی بەرژەوەندیی تایفی و نەتەوەییە، بۆ ئێمەیش وەكو كورد راستە ئەم دەستوورە لە واقیعدا جێبەجێ نەكراوە، بەڵام مافی هەموو عێراق و گەلی كوردی پاراستووە و هەشتا لە سەدی خەڵكی عێراقیش دەنگی بۆ داوە، كەواتە دەستوورێكی باشە، ئەمانە لەجیاتی ئەوەی ددان بە شكستەكانیاندا بنێن كە ئەم دەستوورەیان جێبەجێ نەكردووە كە لە ڕووی ئەمنی و سیاسی و ئابوورییەوە عێراق شكستی خواردووە، داوای هەمواركردنەوەی دەستوور دەكەن".
(جاف) گوتیشی: "ئەوانەی دەڵێن دەستوور هەموار بكرێتەوە، دیارە مەبەستیان لێدانە لە كورد، ئەمەیش لای ئێمە هێڵی سوورە وەكو كورد، ئەگەریش بۆ رێگرینەكردنیان بێت لە چاكسازی، هیچ بەندێكی دەستوور رێگری لە چاكسازی ناكات، یاخود دابینكردنی كارەبا و خزمەتگوزاری چ پێویستی بە هەمواری دەستوور هەیە كە هاووڵاتیان داوای دەكەن، ئەمانە خۆدزینەوەیە لە بەندەكانی چاكسازی".
ئەو ئەندامەی كورد لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق زیاتر گوتی: "ئەگەر سێ پارێزگا دژی هەمواركردنەوەكە بە "نەخێر" دەنگ بدەن، ئەوا ئەو كاتە هەمواركردنەوەكە قبووڵ ناكرێت".

نەشوان بەرزنجی
 

هەواڵی پەیوەندیدار