هێرشێكی داعش لە شنگال تێك شكێنرا.. هەشت تیرۆریست كوژران

شنگال-KDP.info- لە گەڕەكێكی شارۆچكەی شنگال هێزەكانی پێشمەرگە وەڵامی توندی هێرشێكی تیرۆریستانی داعشیان دایەوە و لە ئەنجامدا هەشت داعش كوژران.
رائید (خەتاب بانكی) فەرماندە لە فەوجی 3ـی لیوای 8ـی هێزی پێشمەرگە لە شنگال، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی گوت: "درەنگانی شەوی ڕابرد، تیرۆریستانی داعش لە گەڕەكی نەسری سەنتەری شارۆچكەی شنگال هێرشیان كردە سەر سەنگەرەكانی هێزی پێشمەرگە، بەڵام پێشمەرگە قارەمانەكان بە ورەیەكی بەرز و بە توندی ڕووبەڕوویان بوونەوە و لە ماوەیەكی كەمدا هێرشەكەی تیرۆریستانیان تێك شكاند و زیانی گەورەیش بە داعش گەیەندرا".
رائید (خەتاب) گوتیشی: "فڕۆكە جەنگییەكانی ئەمەریكا و هاوپەیمانان رۆِلی باشیان بینی و لە ئەنجامی وەڵامدانەوەی هێزەكانی پێشمەرگە و بۆردوومانكردنی فڕۆكە جەنگییەكانی هاوپەیمانان بۆ سەر تیرۆریستانی داعش، دۆشكەیەك و نزیكەی هەشت تیرۆریستی داعش هاتنە كوشتن لەبەر ئەوەی كاتەكەیش شەو بوو، قەبارەی زیانەكان تەنیا ئەوەندە زانراوە".
شارۆچكەی شنگال نزیكەی١٤٠ كیلۆمەتر لە شاری مووسڵەوە دوورە و دەكەوێتە نزیك چیای شنگال، لە ١٨ـی مانگی شوباتی ئەمساڵدا هێزەكانی پێشمەرگە لە ئۆپەراسیۆنێكی بەرفراوان بە سەرپەرشتیی راستەوخۆی (سەرۆك بارزانی)، توانییان كۆنتڕۆڵی سنوورێكی بەرفراوانی سەر بە شنگال بكەن، لەنێو شنگالیش زۆربەی شوێنە ستراتیژییەكان كەوتوونەتە ژێر كۆنتڕۆڵی پێشمەرگە و لە تیرۆریستانی داعش پاكیان كردووەتەوە".
نەشوان بەرزنجی




