كڕواتیا: وهك ئهندام له هاوپهیمانهتیی دژ به داعش و ئهندامی ناتۆ هاوكاریی پێشمهرگه دهكهین

ئهمڕۆ یهكشهممه و له كڕواتیا، (فەلاح مستەفا) بەرپرسى پەیوەندییەکانى دەرەوەى حکوومەتى هەرێم لهگهڵ (ئانتێ کۆترۆمانۆڤیچ) وەزیرى بەرگریى کڕواتیادا كۆ بووهوه و، تێیدا وێڕای ستایشی ڕۆڵی ئهو وڵاته له پشتیوانیكردنی پێشمهرگه، بە ناوى حکوومەت و گەلى کوردستانهوه سوپاسى حکوومەتى کڕواتیاى کرد بۆ هاوکارییە سەربازییەکانیان بۆ هێزەکانى پێشمەرگە کە کاریگەرى هەبووە له شکست پێهێنانى تیرۆریستانى داعش و، گوتی، هێزەکانى پێشمەرگە بە وورەیەکى بەرزەوە خەبات دەکەن بۆ پاراستنى بەها مرۆییەکان و دیموکراسى و مافى پێکهاتە نەتەوەییەکان بەبێ جیاوازى.
بەرپرسى پەیوەندییەکانى دەرەوەی حكوومهتی ههرێم هاوكات داواى هاوکاریی زیاترى کرد بۆ هێزەکانى پێشمەرگە لە ڕووى چەک و تەقەمەنى و کەلوپەلى سەربازى و مەشق و چارەسەرکردنى بریندارانهوه، چونكه وهك ئهو گوتی، ئەمە وەک ڕێزه لە خەباتیان و شەڕکردنیان بە نوێنەرایەتیى وڵاتانى جیهان دژى تیرۆریستان.
(فهلاح مستهفا) ههر لهو كۆبوونهوهیهدا پوختەیەکى دەربارەى بارودۆخى هەرێمى کوردستان و هاتنى ژمارەى زۆرى ئاوارە و پەنابەران وم پەیوەندییەکانى نێوان هەولێر و بەغدا و بارودۆخى ئابوورى و سیاسى خسته بهر باسهوه.
هاوكات وهزیری بهرگریی كڕواتیا ئاماژەى بە ڕۆڵى قارەمانانه و ئازایەتیى هێزەکانى پێشمەرگە دا لە ڕووبەڕوبوونەوەى تیرۆریستان و، جەختى کردەوە لەسەر بەردەوامیی پاڵپشتیى وڵاتەکەى بۆ هێزەکانى پێشمەرگە لە بەرەنگاربوونەوەى گرووپە تیرۆریستەکان.
گوتیشی، کڕواتیا هەروەک پێشووتر و لە دواڕۆژیشدا، وەک ئەندام لە هاوپەیمانیى نێودەوڵەتیى دژى داعش و وڵاتێکى ئەندام لە یەکێتیى ئەورووپا و ناتۆ، له ڕووی سهربازییهوه هاوکاریى هێزەکانى پێشمەرگە دەکات.
وەزیرى بەرگرى کڕواتیا ههروهها ئامادەیى نیشان دا بۆ بەیەکەوە كاركردن لەپێناو بیناکردنى تواناکانى هێزەکانى پێشمەرگە لە ڕووى مەشق و چارەسەرکردنى بریندارانى پێشمهرگه لە کڕواتیا و، گوتیشی، ئامادەن ڕاوێژکارى سەربازییش ڕهوانهی ههرێمی كوردستان بكهن.
(یەرکۆ ڤۆکاس) باڵیۆزى کڕواتیا لە عێراق و (شێرزاد ئازاد سوڵتان) ڕاوێژکارى سەرۆکایەتیى ئەنجوومەنى وەزیران و ژمارەیەک بەرپرسى وەزارەتى بەرگرى و بەڕێوەبەرانى فەرمانگەى پەیوەندییەکانى دەرەوە ئامادەى کۆبوونەوەکە بوون.




