دیموکرات، پەکەکەی لە هەڵبژاردنی دوو شوێن سەربەست کردووە

ههولێر-KDP.info- چەند حزبێکی رۆژهەڵاتی کوردستان، جارێکی تر پشتیان بە چیاکان بەست. ئەوان، ئێستا لە بەرزاییی کوێستانەکان خەریکی جێگیرکردنی شوێنی مانەوەیانن و نایانەوێ "بستێک"یش لەو شوێنانە بکشێنەوە.
لە بەرزاییەکانی نێوان چیای هەڵگورد و حەسەن بەگ، لە کۆنە بنکەیەکی سەردەمی رژێمی بەعسدا، حزبی دیموکراتی کوردستان فەرماندەییی ئەو هێزانەی دەکات کە بە درێژایی بەرزاییەکانی نێوان سنووری باشوور و رۆژهەڵاتی کوردستاندا، بڵاوەیان پێ کردوون.
دوو لادیواری ژووری فەرماندەییەکە کە پێشتر رووخا بوون، ئێستە بە وشکەبەرد هەڵچندراون و سەریشان بە دار و عەلاگە داپۆشراوە. لەو ژوورەدا، کۆنە رایەخێک راخڕاوە و چەندین جۆر بێتەل، مۆبایل و چەکی لێیە.
(خالید وەنەوشە) کە نزیک به سێ دەیەیە پێشمەرگەی حزبی دیموکراتە، ئێستا فەرماندەییی ئەو هێزە دەکات. ئەو فەرماندەیە، لە دەرگەی ژوورەکەیەوە، دەڕوانێتە گەروێ زینێ کە نزیک چەندسەد مەترێکی لێ دوورە. حزبی دیموکرات لەو گەرووە، بازگەی داناوە.
لە سەردەمی شەڕی نێوان رژێمەکانی عێراق و ئێراندا، ئەو گەرووە شەڕی گەورەی لێ کراوە و هێزی ئێرانیش تا ئەو شوێنە هاتوون و چیتر نەیانتوانیوە پێشڕەوی بکەن. بە چەندسەد مەترێک لە خوار گەرووەکە، گۆڕستانێکی گەریلاکانی پەکەکەی لێیە کە مێژووهکەی بۆ شەڕی نێوان ئەو حزبە لەگەڵ پارتیی دیموکراتی کوردستاندا دەگەڕێتەوە. ئێستا گەریلاکانی پەکەکە بۆ ئەوەی لە خواکوڕکەوە بچنە قەندیل، دەبێ بەو گەرووەدا تێپەڕن و تەنانەت پەکەکە هەر لەو رێگەیەوە، هێز و چەک و تەقەمەنی بۆ ناوچەکانی شنگال و رۆژئاوای کوردستان ناردووە.
(خالید وەنەوشە)، هەموو ئەو هۆکارانە وەک بەڵگەی ستراتیژیی گەرووەکە دەهێنێتەوە، هەر بۆیە بازگەیان لەوێ داناوە و تەنانەت ناوەندی فەرماندەییەکەشیان لەوێیە.
نزیک کیلۆمەترێک لە خوار شوێنی مانەوەی هێزەکانی دیموکرات لە گەروێ زینێ، بنکەیەکی هێزەکانی پەکەکەی لێیە، بۆیە (خالید وەنەوشە) رەتی دەکاتەوە کە پەکەکە هیچ ناوچەیەکی چۆڵ کردبێت. پێشتر لە میدیاکاندا بڵاو ببووەوە کە پەکەکە ناوچەیەکی بە رووبەری نزیک 60 کیلۆمەتریی، چۆڵ کردووە.
دوای نزیکەی 20 ساڵ لە بێدەنگی و ئامادەنەبوونی ئۆپۆزسیۆنی رۆژهەڵاتی کوردستان لە ناوچە سنوورییەکان، ئێستا حزبی دیموکراتی کوردستان بەشێک لە هێزەکانی خۆی لە گۆشەنێ (بناری چیای حەسەن بەگ) و گەروێ زینێ تا کونەرێ (نزیک حاجی ئۆمەران) بڵاوە پێ کردووە. وەک (خالید وەنەوشە) ئاشکرای دەکات، چەند جارێکیش هێزیان بۆ قەندیل و دۆڵ مەیدان (چیای سەقەر) رەوانە کردووە، بەڵام تا ئێستا لەوێ جێگیر نەبوونە.
جیا لە حزبی دیموکراتی کوردستان، کۆمەڵەی شگۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران و حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران، هێزیان لە ناوچە سنوورییەکان جێگیر کردووە.
کۆتایی "پاوانخوازی"ی پەکەکە
لە دەوروبەری ژووری فەرماندەییی هێزەکانی حزبی دیموکراتی کوردستان، چەند ژوورێکی تر بە تاشەبەرد دروست کراون و تەنیا خێوەتێکی سپی دەبیندرێ کە ئەویش، بنکەی تەندروستیی حزبی دیموکراتی کوردستانی لەسەر نووسراوە.
وەک پێشمەرگەکان باسی دەکەن، ئەوان تا ئێستا زۆر بە کەمی پێویستیان بە خزمەتگوزاریی پزیشکی هەبووە، بەڵکو زیاتر خێزانە رەوەندەکانی ئەو ناوچەیە، سوودی لێ دەبینن. (مام مەجید)، رەوەندە و دراوسێی ئەو هێزەی دیموکراتە. ئەو، نایشارێتەوە کە بە هاتنی دیموکراتەکان بۆ ناوچە کوێستانییەکان خۆشحاڵە، "چونکە ئەمساڵ پەکەکە نەرمتر بووە و سەرانەمان لێ ناستێنێت".
ساڵی رابردوو گەریلاکانی پەکەکە، 47 سەر بزنیان وەک سەرانە لە (مام مەجید) ستاندبوو، "وەک ستەمێک وابوو، بەڵام هیچ دەستەڵاتم نەبوو و دامنێیە".
(خالید وەنەوشە) ئاشکرای دەکات کە تا ئێستا چەند جارێک دەمەقاڵە لە نێوان ئەوان و پەکەکەدا دروست بووە، بەڵام دواتر کۆتایی پێ هاتووە.
رۆژێک 3 ئۆتۆمبێلی پەکەکە بە بازگەی گەروێ زینێی دیموکراتدا تێدەپەڕێ و ئەوانیش دەیانوەستێنن، دواتر بۆیان دەردەکەوێ کە (جەمیل بایک) هاوسەرۆکی کۆنسەی سەرۆکایەتیی کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە) لە نێو ئۆتۆمبێەکاندایە و مۆڵەتی تێپەڕبوونیان پێ دەدەن. ئەوە، یەک لەو رووداوانە بووە کە بە هۆیەوە دەمەقاڵە لە نێوان هێزەکەی دیموکرات و پەکەکەدا دروست بووە. پەکەکە، دووپاتی کردبووەوە کە ئەو هێزەی دیموکرات بۆیان نییە ئۆتۆمبێلەکانیان بوەستێنن، بەڵام دیموکراتەکان ئەوەیان بە مافی خۆیان زانیبوو.
پێشنیازی دیموکرات بۆ پەکەکە
پەکەکە، دووپاتی دەکاتەوە کە گەلەکۆمەی لێ کراوە و ئۆپۆزسیۆنی رۆژهەڵاتی کوردستان بە ئاماژەی پارتیی دیموکراتی کوردستان بەرەو ناوچە سنوورییەکان جووڵاون. ئەوان، قسەکانی ئەم دواییەی (نێچیرڤان بارزانی) سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و،(مەسروور بارزانی) راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان وەک پاڵپشت و بەڵگەیەک بۆ ئەو بۆچوونەیان دێننەوە. ئەو دوو بەرپرسەی حکوومەتی هەرێم، دووپاتیان کردبووەوە کە پەکەکە میوانە و دەبێ قەندیل چۆڵ بکات.
(خالید وەنەوشە)، ئەو بۆچوونەی پەکەکە رەت دەکاتەوە و وەک پشتگیرییەک بۆ قسەکانی، باسی جێگیربوونی هێزیان لە ناوچەی شلێرانی نێوان شارەکانی سەردەشت و بانە و سەرکێوی نێوان بانە و سەقز، دەکات.
نزیکەی مانگێک لەمەوبەر، حزبی دیموکراتی کوردستان و پەکەکە بە شێوەی رەسمی کۆبوونەوەی لوتکە و چەند کۆبوونەوەی ناڕەسمیی تریشیان هەبووە، بەڵام بە رێککەوتنی کۆتایی نەگەیشتوون.
لەو کۆبوونەوەیەدا حزبی دیموکراتی کوردستان، رێگەچارەیەکی خستووەتە بەردەم سەرکردایەتیی پەکەکە. وەک (خالید وەنەوشە) باسی دەکات، ئەوان بە پەکەکەیان گوتووە، "لە ناوچەی زەڵێوە تا خواکوڕک، لە دوو شوێن کە بەلای ئێوەوە گرنگ و هەستیارە، جێگیر بن و ئەوانی تر ئازاد بکەن".
پەکەکە، وەڵامێکی دیاریکراوی بۆ ئەو پێشنیازە نەبووە، بۆیە بڕیارە لەو چەند رۆژەدا، (خالید عەزیزی) سکرتێری گشتیی حزبی دیموکراتی کوردستان و (جەمیل بایک) هاوسەرۆکی کەجەکە، کۆ ببنەوە. ئەو کۆبوونەوەیە، لەسەر داوای (جەمیل بایکە).
ئێستە لە خواکوڕکەوە بۆ زەڵێ، پەکەکەی لێیە و لە زەڵێشەوە بەرەو ناوچەکانی سنوورییەکانی باشووری، گەریلاکانی پژاک لێی جێگیر بوونە.
کێشەی نێوان دیموکراتەکان
جیا لەو کێشە و رێگرییانەی پەکەکە بۆ دیموکراتەکانی دروست دەکات، کێشەیەکی تریش هەیە، ئەویش کێشەکانی نێوان حزبی دیموکراتی کوردستان و حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێرانە.
لە هەندێ ناوچەی سنووریدا، هێزی دوو دیموکراتەکە لە نزیک یەکترین، بەڵام کێشەی گومرک، باڵی بەسەر هاوکاری و هاوئاهەنگیی دوو لایەنەیاندا کێشاوە.
دوو دیموکراتەکە، لە ناوچەی کونەڕێی نزیک لە حاجی ئۆمەران و شاری خانێ، خاڵی گومرکیان داناوە. ئەو ناوچەیە، بازاڕێکی قاچاخچیانی لێیە.
ئەو دوو حزبەی رۆژهەڵاتی کوردستان، کێشەیان لە چۆنیەتیی وەرگرتن و دابەشکردنی گومرکەکە هەیە و سەرەڕای ئەوەی کۆتاییەکانی هەفتەی رابردوو، کۆبوونەوەیان لەسەر ئەو پرسە هەبوو، بەڵام رێک نەکەوتوون.
حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران دووپاتی کردووەتەوە کە 75%ی گومرکەکە بۆ ئەوان بێت و 25% بۆ حزبی دیموکراتی کوردستان، بەڵام ئەوە لەلایەن حزبی دیموکراتی کوردستانەوە رەت کراوەتەوە.
لە بەرامبەردا حزبی دیموکراتی کوردستان پێشنیازێکی سێ خاڵی بە حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران داوە. پێشنیازەکە بەو شێوەیەیە، "هەردوو دیموکرات بە ناوی حزبی دیموکرات خاڵی گومرکی دابنێن و دواتر داهاتەکە بەش بکەن، یان دوو خاڵی جیاواز بێت و هەر کامەیان نیوەی گومرکەکە وەربگرن. پێشنیازی سێیەمیش ئەوەیە کە هەر کامەیان بە تەنیا هەموو بڕی گومرکەکە وەربگرن".
لە بازاڕەکەدا بۆ هەر بارێک 16$ وەک گومرگ وەدەگیرێ و پێشنیازی سێیەم لە زیانی قاچاخچییەکاندایە، چونکە ئەوکات بۆ هەر بارێک دەبێ 32 دۆلار بدەن.
چاوی نێودەوڵەتی لەسەر پرسی کورد
رووداوە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان، ئەو دەرفەتەیان رەخساند کە جارێکی تر حزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بەرەو ناوچە سنوورییەکان بچن و لەوێ جێگیر بن.
کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران، وەک دوو دیموکراتەکە، هێزی لە ناوچە سنوورییەکان جێگیر کردووە و تەنانەت چوونە قووڵاییی رۆژهەڵاتی کوردستانەوە.
(زاگرۆس خوسرەوی) بەرپرسی پێوەندییەکانی ئەو حزبە لە هەولێر، پێی وایە ئێستا کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی زیاتر چاوی خستووەتە سەر پرسی کورد. ئەو دەڵێ، "(هێمن هەورامی) بەرپرسی پێوەندییەکانی دەرەوەی پارتیی دیموکراتی کوردستان، یەکەم کەس بوو کە لە کۆبوونەوەی ئەمساڵی سۆسیال ئەنتەرناسیۆنالدا قسەی کرد، ئێستا کوردێکی رۆژهەڵاتی بووەتە ئەندامی بەڕێوەبەری کۆمەڵەی نەتەوە بێدەوڵەتەکان و کەسێکی بەلووچی نزیک لە کورد، سەرۆکی ئەو کۆمەڵەیەیە، ئەوانە هەموو نیشانەی گرینگیدانە بە پرسی کورد".
(خوسرەوی)، بە هۆکاری "تەناهی"، رەتی دەکاتەوە کە ئەو ناوچانەی هێزەکانیان لێ جێگیر کراون، ئاشکرا بکات، بەڵام دووپاتی دەکاتەوە کە لە وێنە و ئەوەیش بڕیاری کۆنگرەی چواردەیانە.
دانوستانی نێوان تاران و ئۆپۆزسیۆنی رۆژهەڵات
زۆربەی شارەزایان و چاودێرانی سیاسیی پێیان وایە کە گۆڕانکارییە ناوچەییەکان و رێککەوتنی نێوان ئێران و گرووپی (5 + 1)، گوشار دەخاتە سەر حکوومەتی تاران بۆ ئەوەی زیاتر گرنگی بە مافی مرۆڤ و بەتایبەت پرسی کورد بدات.
رێککەوتنی نێوان ئێران و گرووپی (5 + 1)، رۆژێک دوای 26مین ساڵوەگەڕی تیرۆرکردنی (عەبدوڕەحمان قاسملو) سکرتێری حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران، راگەیەندرا. (قاسملو)، لە شاری ڤیەننای پایتەختی نەمسا تیرۆر کرا، هەمان ئەو شارەی کە کۆبوونەوەکانی نێوان تاران و گرووپی (5 + 1) تێدا بەڕێوە دەچوو.
لەو سەروبەندەدا، (رەئووف کەریمی) بەڕێوەبەری بەرەی یەکگرتووی کورد لە تاران، ئاشکرای کردبوو کە ئامادەیە ناوبژیوانی نێوان ئۆپۆزسیۆنی رۆژهەڵاتی کوردستان و حکوومەتی تاران بکات.
بارەگەی سەرەکیی ئەو حزبە لە تارانە و زۆربەی چاودێران و شارەزایانی سیاسی پێیان وایە، ئەوە پێشنیازی ناڕاستەوخۆی ئێرانە. هەڵبەت، پێشتر (خالیدی عەزیزی) سکرتێری گشتیی حزبی دیموکراتی کوردستان ئاشکرای کردبوو کە چەند جارێک لەگەڵ شاندی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا کۆ بووەتەوە.
(زاگرۆس خوسرەوی)، لە قسەکانی (رەئووف کەریمی) بێهیوایە. ئەو دەڵێ، "بەرەی یەکگرتووی کورد لە ئێران نزیکە و زیاتر مەیلی دەوڵەتیان هەیە نەک نیشتمانی و نەتەوەیی، ئەوە تاکتیکی ئێرانە و ئێستە دەیەوێ ئارامی لە ناوچەکەدا هەبێت".
سەرەڕای ئەو "تاکتیک"ەی ئێران، بەڵام ئەو چەند حزبە رۆژهەڵاتییەکەی کە دیسان پشتیان بە چیاکان بەستووەتەوە، ئێستە خەریکی خۆ ئامادەکردنن بۆ هاتنی وەرزی سەرما و سۆڵە و دووپاتی دەکەنەوە کە "بستێک" ناکشێنەوە.
له ههفتهنامهی 'وشه' وهرگیراوه




