٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
عێراقی و نێوده‌وڵه‌تی

توركیا: پەیوەندییەكانمان لەگەڵ هەرێم پێش دەخەین.. داعش تیرۆریستن و بەرەوڕوویان دەبینەوە

سەرچاوە: KDP.info

ئانكارا-KDP.info-  (تانژو بیلگیچ) گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی توركیا  رایگەیاند، توركیا لە چوارچێوەی دەستووری هەمیشەیی عێراقدا دەیەوێت پەیوەندییەكانی خۆی لە بواری وزە و بوارەكانی دیكە لەگەڵ كوردستاندا پێش بخات.

(تانژو بیلگیچ) گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی توركیا، لە كۆبوونەوەی هەفتانەی وەزارەتدا هەڵسەنگاندنی بۆ رۆژەڤ كرد و لەبارەی پرسیارێكەوە سەبارەت بە رێككەوتنی نەوتیی نێوان حكوومەتی عێراق و حكوومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاند، ئەم بابەتە پرسێكی نێوخۆیی عێراقە.
(بیلگیچ) گوتیشی: "نەوتی هێڵی كەركووك-جەیهان بەلای ئێمەوە نەوتی عێراقە. هیچ گومانێكیش لەمەدا نییە، ئەمەیش لە چوارچێوەی هێڵی هەردوو حكوومەتی عێراق-توركیا بەڕێوە دەبردرێت. هاوكات توركیا دەیەوێت لە چوارچێوەی دەستووری هەمیشەیی عێراق پەیوەندییەكانی لە بواری وزە و بوارەكانی دیكە لەگەڵ هەرێمی كوردستاندا پێش بخات".
لە بارەی دەنگۆی ئەوەی كە چەند دیپلۆماتكارێكی توركیا لە باشووری رۆهەڵاتی ئاسیا پاسپۆرتیان بۆ توركەكانی ئویگور دابین كردووە و رەوانەی ریزەكانی داعشیان لە سووریا كردوون، (بیلگیچ) رایگەیاند كە توركیا رێكخراوی داعش وەك رێكخراوێكی تیرۆریستی دەناسێت و ڕووبەڕووی دەبێتەوە و گوتی: "من بە شێوەیەكی گاڵتەجاڕی سەیری ئەم دەنگۆیە دەكەم، ئەم هەواڵانە راست نین".
لە وەڵامی پرسیاری ئەوەی كە ئەمەریكا بۆ هێرشكردنەسەر داعش داوای لە توركیا كردووە كە فڕۆكە بێفڕۆكەوانەكانی بنكەی سەربازیی ئینجێرلیك بەكار بهێنێت، (بیلگیچ) ئاماژەی دا: "لەگەڵ ئەمەریكادا لەم بارەیەوە كۆبوونەوەكانمان بەردەوامن، بەڵام تا ئێستا هیچ رێككەوتنێك واژۆ نەكراوە".
 

AA

هەواڵی پەیوەندیدار