٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

یوئێن: پێویستە هەموو لایەك بە تایبەت بەغدا پابەندی ڕێككەوتنی لەگەڵ هەولێر بێت

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info-  نوێنەری تایبەتی سكرتێری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان جەختی كردەوە، كە پشتگیریی هەوڵەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەكات بۆ چارەكردنی كێشەكانی ناوخۆ و گرفتەكانی لەگەڵ بەغدا و، پشتگیریی خۆیشی بۆ دیالۆگی نێوان هەولێر و بەغدا دەربڕی. سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستانیش ڕایگەیاند، حكوومەتی هەرێم ناچار بوو هەنگاوی دیكە بۆ چارەكردنی كێشەكانی، بەتایبەتی لە بواری ئابوورییەوە بهاوێژێت، بەڵام لە هەمان كاتیشدا حكوومەتی هەرێم پشتگیری لە دیالۆگ و گفتوگۆ لەگەڵ بەغدا دەكات.

سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ پێنجشەممە (نێچیرڤان بارزانی) سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان، پێشوازی لە (یان كۆبیس) نوێنەری تایبەتی سكرتێری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان و شاندێكی یاوەری كرد.

لە دیدارێكدا كە (قوباد تاڵەبانی) جێگری سەرۆكوەزیران ئامادەی بوو، (كۆبیس) خۆشحاڵیی خۆی بەرامبەر ئەو هاوكاری و هەماهەنگییە پیشان دا كە لە نێوان دەزگاكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و ڕێكخراوەكانی سەر بە نەتەوە یەكگرتووەكاندا هەیە و، سوپاسی حكوومەتی هەرێمی كوردستانی كرد بۆ ئەو هەموو هاوكارییانەی كە پێشكەش بە ئاوارە و پەنابەرانی دەكات.

جەختی لەوەش كردەوە كە نەتەوە یەكگرتووەكان پشتگیریی هەوڵەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەكات بۆ چارەكردنی كێشەكانی ناوخۆ و گرفتەكانی لەگەڵ بەغدا و ئاماژەی دا، ئەوان ئامادەن لەو ڕووەوە هاوكاریی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بكەن و پشتگیریی خۆیشیان بۆ دیالۆگی نێوان هەولێر و بەغدا دەربڕی، لە هەمان كاتدا ئەوەی دووپات كردەوە كە پێویستە هەموو لایەك بە تایبەت بەغدا پابەندی ڕێككەوتنی لەگەڵ هەولێر بێت.

لای خۆیەوە سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان باسی لە دواپێشهاتەكانی كێشەكانی نێوان هەولێر و بەغدا كرد و ئاماژەی دا، گرفتەكانی نێوان هەولێر و بەغدا لە ساڵی پارەوە بەردەوامە و چارە نەكراون، بۆیە حكوومەتی هەرێمی كوردستان ناچار بوو هەنگاوی دیكە بۆ چارەكردنی كێشەكانی، بەتایبەتی لە بواری ئابوورییەوە بهاوێژێت، بەڵام لە هەمان كاتیشدا حكوومەتی هەرێمی كوردستان پشتگیری لە دیالۆگ و گفتوگۆ لەگەڵ بەغدا دەكات، بۆ ئەوەی بگەنە چارەیێكی گونجاو كە لە بەرژه‌وەندیی هەموو لایەكدا بێت و لەوبارەیەشەوە سوپاسی ڕۆڵی نەتەوە یەكگرتووەكانی كرد.

هەواڵی پەیوەندیدار