٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

فەرماندەی میحوەری كەركووك: سەرۆكێكی بێدەسەڵاتمان ناوێ.. دەبووایە پەرلەمان گوزەرانی پێشمەرگە باشتر بكات

سەرچاوە: KDP.info

كەركووك-KDP.info- (محەممەدی حاجی مەحموود) فەرماندەی میحوەری كەركووك دەڵێت، دەبووایە لایەنە كوردستانییەكان و پەرلەمان خۆیان بە پرسگەلێكی وەك باشتركردنی گوزەرانی پێشمەرگە و پێشكەشكردنی خزمەتگوزاریی زیاتر بە هاووڵاتیان سەرقاڵ بكەن، نەك خۆیان بە پرسگەلێكەوە خەریك بكەن كە، پێوەندی بە كۆی لایەن و پێكهاتەكانەوە هەیە. جەختیش دەكاتەوە كە، ئەوان سەرۆكێكی بێدەستەڵاتیان ناوێ.

(محەممەدی حاجی مەحموود) فەرماندەی میحوەری كەركووك، دەربارەی دۆخی سیاسیی هەرێمی كوردستان و پرسی ڕیفراندۆم لە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەریمی كوردستان، بە ڕۆژنامەی "شەرقولئەوسەت"ـی ڕاگەیاندووە، "پرسەگەلێكی گرینگ هەن كە دەبێ بۆ چارەكردنیان بگەڕێنیەوە بۆ ڕای خەڵك، نابێ حزبە سیاسییەكان پێیان وابێ نوێنەرایەتیی كۆی چین و توێژەكانی كۆمەڵگا دەكەن، چونكە زۆرینەی هاووڵاتیان ڕەنگە وابەستەییان بۆ هیچ لایەنێكی سیاسی نەبێت، پێویستە لایەنە پیوەندیدارەكانی هەرێمیش لەبارەی ڕیفراندۆمەوە لە نزیكترین كاتدا بڕیار بدەن، تا بزانرێت هاووڵاتی چ بڕیارێك دەدات، ئایا دەیەوێ لە عێراق جیا ببێتەوە یاخود نا، ئەم ڕیفراندۆمەیش دەبێتە كارتێكی بەهێز بەدەست هەرێمەوە".

پێوەست بە ئامادەكردنی دەستووریش، فەرماندەی میحوەری كەركووك كە سكرتێری حزبی سۆشیالیست‌دیموكراتی كوردستانە جەختی كردەوە، هەبوونی دەستوورێكی تایبەت بە هەرێم، بابەتێكی پێویستە، نایشبێ پرۆسەی ئامادەكردنەكەی تەنیا لە نێوان پێنج لایەندا قۆرخ بكرێ؛ دەبێ بخرێتە بەردەم خەڵكی كوردستانەوە تا هەر تاكێك پەسندی بكات؛ دەیشبێ لە ڕێگەی ئەم دەستوورەوە سیستمی سیاسی لە هەرێمی كوردستان دیاری بكرێ، جا سەرۆكایەتی بێ یانیش پەرلەمانی یانیش سیستمێكی تێكەڵ بێ.
هەرچی پێوەندییشی بە پرسی سەرۆكایەتیی هەرێمەوە هەیە، (محەممەدی حاجی مەحموود) باوەڕی وایە كە، "لەسەر كۆی لایەنەكان پێویستە بگەنە ڕێچارەیەك و‌، چونكە پێچەوانەكەی زیان بە هەمووان دەگەیێنێت؛ ئێستا قسە لەسەر سازانە تەنیا لە نێوان پێنج حزبدا، ئێمە وەك حزبی سۆشیالیست‌دیموكراتی كوردستان كۆبوونەوەی نێوان پێنج حزبەكە پێوەست بە پرسە نیشتیمانی و نەتەوەییەكان ڕەت دەكەینەوە، هەڵبەت دەبێ گەلی كوردستان و كۆی حزبەكانی نێو پەرلەمان و ئەوانەی لە نێو پەرلەمانیشدا نین، لە وەها پرسێكدا ئاگادار بن، لەبەر ئەوە بۆ چارەكردنی ئەم پرسە دەبێ سازان بێتە ئاراوە، چونكە پڕۆسەی سیاسیی هەرێم و عێراقیش لەسەر بنەمای تەوافوق بووە".

ئەو هەروەها زیاتر ڕوونی كردەوە، "لە ئەگەری نەگەییشتنەڕێگەچارەیەكیش دەربارەی پرسی سەرۆكایەتیی هەرێم تا ١٩ـی مانگی دادێ (ئاب)، ئەوا ئەوكات حكوومەتی هەرێم هەڵدەوەشێتەوە و، حكوومەتێكی ڕاگوزەر پێك دێت و هەڵبژاردنی پێشوەخت ساز دەدرێ؛ بەڵام ئەگەر بگەنە خاڵی هاوبەش، ئەوا دەبێ دەریچەیەكی یاسایی بۆ درێژكردنەوەی ویلایەتی سەرۆكی هەرێمی هەرێم بدۆزنەوە تا كۆتایی خولی هەڵبژاردنی ساڵی ٢٠١٧، ئەوكات دەبێ لەگەڵ پرۆسەی هەڵبژاردنی گشتی، هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێمیش بەڕێوە بچێت و تەواوی خەڵكی كوردستان بڕیار بدەن نەك بە تەنیا پەرلەمان".

دەربارەی دەستەڵاتەكانی سەرۆكی هەرێمیش، (محەممەدی حاجی مەحموود) ڕایگەیاند، "ئێمە لەگەڵ كەمكردنەوەی دەستەڵاتەكانی سەرۆكی هەرێمدا نین، سەرۆكێكی پڕۆتۆكۆڵیی بێدەسەڵاتمان ناوێ، بەڵكە دەبێ سەرۆك دەستەڵاتی هەبێ و خاوەنی بڕیار بێ، تا داخوازییەكانی گەل جێبەجێ بكات".


جەختیشی كردەوە، "لەم كاتەدا ورووژاندنی پرسی سەرۆكایەتیی هەێم بە گونجاو نابینین، هەڵبەت هەرێم قەیرانی دارایی هەیە، لەگەڵ داعش لە جەنگدایە و، خانەوادەی پێشمەرگەیش ڕۆژانە قوربانی دەدەن، بۆیە دەبێ پەرلەمان بە پرسی دیكەی سەرەكیی وەك پڕچەككردنی پێشمەرگە و باشكردنی گوزەرانیان، هەروەها پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری بە هاووڵاتیان، خۆی سەرقاڵ بكات".

فەرماندەی میحوەری كەركووك دەشڵێت، "ئەركی ئەو لایەنە سیاسیانەیە بچنە بەرەكانی جەنگەوە و ببینن كە پێشمەرگە چۆن خۆی دەكاتە قوربانی، بێئەوەی جیاوازی لە نێوان ئەم و ئەو حزبدا هەبێ".

هەواڵی پەیوەندیدار